نەتەنیاهوو: 60%ی کەرتی غەززەمان کۆنتڕۆڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی ئێستا کۆنترۆڵی 60%ی کەرتی غەززەیان بەدەستەوەیە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل زیاتر لەوەی لە پلانی ئاگربەستەکەی مانگی ئۆکتۆبەردا دیاریکرابوو، پێشڕەوی کردووە.
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، کەرتی غەززە هێشتا لەنێو تووندوتیژیی رۆژانەدایە و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە شەڕ، چەقبەستوون.
رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئایاری 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی قودس/ئۆرشەلیم، نەتەنیاهوو رایگەیاند، "لە دوو ساڵی رابردوودا بە هەموو جیهانمان پیشان دا چ هێزێکی گەورە لە پشت گەل، دەوڵەت، سوپا و میراتی ئێمەدا هەیە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی شەڕەکە کرد و گوتی، "هەموو بارمتەکانمان گەڕاندەوە ماڵەوە، تاوەکو دوا بارمتە." هەروەها گوتیشی، "هەندێک کەس هەبوون دەیانگوت: پاشەکشە بکەن، پاشەکشە بکەن! بەڵام ئێمە پاشەکشەمان نەکرد. ئەمڕۆ کۆنترۆڵی 60%ی غەززەمان کردووە؛ سبەیش دەبینین چی دەبێت."
بەگوێرەی مەرجەکانی ئەو ئاگربەستەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس واژۆکراوە، دەبوو هێزەکانی ئیسرائیل لە سنوورێکی دیاریکراو بن کە بە "هێڵی زەرد" دەناسرێت، بەو پێیەش کۆنترۆڵی زیاتر لە 50%ی غەززەیان لەدەستدا دەبوو.
بەڵام لێدوانەکەی نەتەنیاهوو یەکەم پشتڕاستکردنەوەی فەرمییە بۆ ئەو راپۆرتە میدیاییانەی لە هەفتەکانی رابردوودا بڵاوکرانەوە و باسیان لەوە دەکرد کە سوپای ئیسرائیل بەرەو ناوچەیەکی فراوانتر پێشڕەویی کردووە کە بە "هێڵی پرتەقاڵی" ناو دەبرێت.
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، ئەو بارمتانەی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گیرابوون، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی، ئازادکران. قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکەش پرسی داماڵینی چەکی حەماس و کشانەوەی پلەبەندی سوپای ئیسرائیل لە غەززە لەخۆدەگرێت.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، سوپا ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکات. نەتەنیاهوویش چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر بزووتنەوە فەڵەستینییەکە چەک دانەنێت، ئیسرائیل "کۆتایی بە کارەکە دەهێنێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کاتەوەی ئاگربەست دەستیپێکردووە، زیاتر لە 850 فەڵەستینی کوژراون. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە لەو ماوەیەدا پێنج سەربازیان لە غەززە کوژراون.