ئیسرائیل و لوبنان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست رێککەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل و لوبنان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندنی فراوانتر بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا بەردەوامن.
 
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نێردەکانی ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان دوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوە لە واشنتن، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە درێژ بکەنەوە، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە کۆتایی بێت.
 
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژدەکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەوتنی زیاتر بڕەخسێت." ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانی 2 و 3ـی حوزەیرانی داهاتوو دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسیی هەمیشەیی دەستپێدەکەن و پێش ئەوەش لە 29ـی ئایار شاندی سەربازیی هەردوولا کۆدەبنەوە.
 
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لە گوتارێکدا لە بەیرووت بە ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە حیزبوڵڵا گرت و رایگەیاند: "وڵاتەکەمان بێزار بووە لەو سەرکێشییە بێباکانەی کە خزمەت بە پرۆژە و بەرژەوەندیی بیانی دەکەن." گوتیشی: "ئەمە شەڕێک بوو کە ئێمە هەڵماننەبژارد، بەڵکو بەسەرماندا سەپێنرا و بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل 68 شارۆچکە و گوندی ئێمە داگیر بکات."
 
یەخیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، رایگەیاند کە لە پێشینەی کارەکانیان "دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیلە" و گەشبینی خۆشی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان دەربڕی.
 
بەردەوامیی تووندوتیژییەکان
 
سەرەڕای راگەیاندنی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، هێرشەکان نەوەستاون. کەمێک دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل بنکەیەکی تەندروستیی سەر بە حیزبوڵڵای لە شارۆچکەی (هەنووف) لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد و بەو هۆیەوە 6 کەس کوژران کە سێیان کارمەندی تەندروستی بوون.
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شاری (سووڕ) و حیزبوڵڵاش بە درۆن هێرشی کردە سەر سەربازگەیەکی ئیسرائیل لە (کریات شمۆنە). بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە هێرشەکانی شاری سووڕدا لانیکەم 37 کەس بریندار بوون، کە ژن و منداڵیان تێدایە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازێکی دیکەیان لە باشووری لوبنان کوژراوە، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانیان لە شەڕی حیزبوڵڵا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە گەیشتە 19 سەرباز. ئیسرائیل دەڵێت تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 220 چەکداری حیزبوڵڵای کوشتووە.
 
عیمران ریزا، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان، دۆخەکەی بە "مەترسیدار" وەسف کرد و رایگەیاند، "هێرشە ئاسمانییەکان رۆژانە بەردەوامن و قوربانییەکی زۆری سڤیلیان لێدەکەوێتەوە، کە ئەمە قبووڵنەکراوە."
 
شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک حیزبوڵڵا وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,900 کەس لە لوبنان کوژراون، کە زیاتر لە 400 کەسیان لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی 17ـی نیسانەوە بووە.