سعودیە: ئێوارەی یەکشەممە لە بینینی مانگ ئاگادارمان بکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای سعودیە، داوا لە گشت موسڵمانانی وڵاتەکەی دەکات ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، چاودێریی بینینی مانگی زیلحیجە بکەن بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگەکە و جەژنی قوربان.
 
دادگەی باڵای  سعودیە لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هەر کەسێک دەکات کە مانگی نوێ بە چاو یان بە دووربین دەبینێت، نزیکترین دادگە ئاگادار بکاتەوە و شایەتییەکەی تۆمار بکات، یان پەیوەندی بە نزیکترین ناوەندەوە بکات بۆ ئەوەی هاوکاریی گەیشتنی بە دادگای پێبدرێت.
 
دادگەکە خوازیارە ئەو کەسانەی توانای چاودێریکردنیان هەیە، گرنگی بەم بابەتە بدەن و بەشداری لەو لیژنانەدا بکەن کە لە ناوچە جیاوازەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون، وەک هاوکارییەک لە کاری چاکە و سوودگەیاندن بە موسڵمانان.
 
مژدە رەئووف، بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر رۆژی دووشەممە وەک یەکەم رۆژی مانگی زولحیجە دیاری کرا، ئەوا یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممە 28ی مانگ. ئەگەریش یەکشەممە وەک یەکەم رۆژ دیاری کرا، ئەوا رۆژی چوارشەممە 27ی مانگ وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاری دەکرێ.  
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات. تەنیا سعودیە ئەو رۆژە دیاری دەکات، چونکە رێوڕەسمەکانی حەج لەوێن، واتە جیهان چاوی لەسەر سعودیەیە".
 
حاجییان لە رۆژی 9ی زولحیجە لە کێوی عەرەفە دەوەستن تاوەکو نوێژی مەغریب لەوێ دەمێننەوە. رۆژی دواتر واتە 10ـی زولحیجە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان.