بەهۆی مووشەکبارانی ئێران 5 کەس لە ئیسرائیل کوژران
رووداو دیجیتاڵ
فریاگوزاریی نیشتمانیی ئیسرائیل (ماگن دەیڤد ئادۆم) رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێرانی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل، 5 کەس کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فریاگوزاری نیشتمانیی ئیسرائیل، 92 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێرشەکان بوونەتە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و بەلایەنی کەمەوە دوو باڵەخانە لە ناوچە جیاوازەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیلدا بە ئامانج گیراون.
تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین لە شوێنی رووداوەکاندا بۆ دۆزینەوەی هەر بریندارێکی دیکە.
ئەم هێرشە کوشندەیە دوای ئەوە دێت، ئێران رایگەیاند زنجیرەیەکی نوێی هێرشی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"دا دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە.
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی قورسی کردووە، کە تێیدا محەممەد کازمی، سەرۆکی هەواڵگریی سوپای پاسداران و جێگرەکەی کوژراون. هەروەها هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بارەگای پۆلیس لە تاران، بنکەکانی مووشەک و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە.
لە بەرامبەردا، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر شارە گەورەکانی ئیسرائیل وەک تەلئەڤیڤ و حەیفا.
پێش ئەم هێرشە، ژمارەی کوژراوان لە ئێران گەیشتبووە 224 کەس و لە ئیسرائیلیش 14 کەس بوو. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم/قودس رایگەیاند، ناتوانێت هاووڵاتیانی خۆی بگوازێتەوە و فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن داخراوە. هاوکات، سەرکردەکانی G7 لە کەنەدا لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکە و نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.