ئالان ئەییر: رەنگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چەند هەفتەیەک بخایێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پێشووی تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا لەگەڵ ئێران بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە گەورەترین بەربەستی رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەوە بوو کە تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و پێیوایە هێڵی سوورە.
هەروەها نەبوونی "گوشاری زۆری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی هۆکارە بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل چەند هەفتەیەک بخایێنێت." دەشڵێت: ئەگەر ئیسرائیل هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێو ببات تاران پسپۆڕ و شارەزا و توانای هەیە بتوانێت بەردەوامی بەم پرۆگرامە بدات.
ئالان ئەییر، کە هاوکات یەکەم گوتەبێژی فارسی زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو، میوانی بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆی رووداو بوو. لەبارەی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گفتوگۆی تێروتەسەلی لەگەڵ شەهیان تەحسین کرد.
ئالان ئەییر پێیوایە هەر چەندە ئیسرائیل ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵکردووە و زۆر بەسەختی هێرشی دەکاتە سەر، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی دیپلۆماسییەت کاری خۆی بکات.
پێیوایە ئەگەر گوشاری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی کاریگەر بۆ سەر حکومەتی ناتانیاهوو نەبێت، هێرشەکان زۆر درێژخایەن دەبن و تاوەکو ئاستێکی زۆر مەترسیدار دەچن. چونکە ئیسرائیل، ئێران بە هەڕەشە بۆ مانەوەی خۆی دەبینێت و تاوەکو ئەو نیگەرانییانە نەڕەوێنێتەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام دەبن.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببات، ئێران پسپۆر و شارەزا و توانای هەیە بتوانێت دیسان بەردەوامی بەم پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بداتەوە.
دەقی گفتوگۆی نێوان رووداو و ئالان ئەییر:
رووداو: لە دوایین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ گوتی ئاشتی و ئارامی بەرقەرار دەبێت، بەڵام با هەردوولایەن کەمێک شەڕ بکەن. دۆناڵد ترەمپ مەبەستی چییە؟ شەڕەکە تا چەند بەردەوام دەبێت؟
ئالان: سەرۆک ترەمپ بەردەوام ئاماژەی بەوەکردووە کە هێرشەکەی ئیسرائیل یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامی دانوستاندنێکی زۆر باش لەگەڵ ئێران. لە راستیدا نازانم ئەمە چۆن روودەدات؟ بەڵام ئەگەر بێتوو دۆخی ئێستا لەبەرچاو بگرین؛ دەبینین دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت و زنجیرە هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن. سەرباری ئەوەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانی کردووە، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوانەیە باوەڕی وابێت هێشتا دەرفەت بۆ دیپلۆماسییەت ماوە و کاتەکەی گونجاوە، بەڵام پێموایە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە بەردەوامی گرژییەکاندا دۆخەکە خراپتر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هەردوولایەن بەردەوام بن لە هێرشەکانیان.
رووداو: ئێوە وەک دیپلۆماتکارێک کە بەشداری سەرەکیتان لە دانوستاندنەکاندا هەبووە و شارەزاییتان لە چۆنێتی مامەڵەکردن و دانوستاندن لەگەڵ ئێران هەبووە. پێتانوایە ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت؟
ئالان: لە کاتی دانوستاندنەکانی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ئێران؛ ئیران بەردەوامە پێداگر بووە لەسەر هێڵە سوورەکەی ئەویش بەردەوامیدانە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەتیکردووەتەوە کە نابێت پیتاندنەکە لەناو ئێران بەردەوام بێت. ئەمە ئەو هێڵە سوورە بوو، کە هۆکاری بەردەوامی کێشەکان بوو. بەڵام هەڵوێستی ئیسرائیل جیاوازە و ئیسرائیل نایەوێت ئێران چیدی ئەو توانایەی هەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، بۆیە بە هێرشەکانی دەیەوێت ژێرخانەکە وێران بکات. لەپاڵ ئەمەشدا دەیەوێت ژێرخانی سەربازیشی لەنێو ببات. بینیمان فەرماندە سەربازییە باڵاکانیشی کردە ئامانج و بەمەش نەوەستا سەرچاوە و ژێرخانی وزەشی کردە ئامانج. بۆیە نازانین دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات.
رووداو: پێتانوایە بە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەنێو ببرێت؟ بەتایبەتی بنکەی فۆردۆ کە گەورەترین و سەختترین و قووڵترین بەرنامەی ئێرانە؟
ئالان: بەدڵنیاییەوە بنکەی فۆردۆ سەختترین بنکەی ئەتۆمی ئێرانییە کە ئیسرائیل بیەوێت هەرچۆنێک بێت لەنێوی ببات. بۆیە ئیسرائیل پەرۆشە ئەمریکاش لەم هێرشانەیدا بەشداری بکات. چونکە ئەمریکا تاوەکو ئیستا بەشداری نەکردووە ئەمە لە کاتێکدایە بۆمبی ئەمریکا دەتوانێت بگاتە ئەم قووڵاییە، پێویستە بۆ ئەوەی بنکەی فۆردۆ لەنێو ببات. ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردووە کە نیازی بەشداریکردنی نەبووە لەم هێرشانەدا لەبەرامبەردا وایکردووە تاوەکو ئێستا ئێران بیر لەوە نەکاتەوە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج. بۆیە لە راستیدا دۆخێکی تایبەت هاتووەتە ئاراوە و نازانرێت لەمەودوا چی روودەدات وەک چۆن نازانرێت چ شتێک دەبێتە یەکەمین قوربانی ئەم شەڕە نوێیە و لە میدیادا دۆخەکە بەشێوەیەک گۆڕدراوە و باس دەکرێت کە نازانرێت کامەیان راستە و کامەیان راست نییە.
رووداو: بەشدارینەکردنی ئەمریکا و بێدەنگ بوون و قسە نەکردن لەبارەی بەشداری نەکردنی، هیوایەکە بۆ کۆتاییهاتنی خێرای هێرشەکان بۆ لایەنی ئێرانی؟
ئالان: هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن پێناچێت ئەمریکا بەشدار بێت لەم هێرشانەی ئیسرائیل دژی ئێران، بەڵام سەرۆک ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئامادەن پاڵپشتی لە کارەکانی ئیسرائیل بکەن. سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەشی بە گرنگی دەزانن و ئاماژەشیان بە لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردووە. هەر بۆیە تاوەکو ئێستا هەڵوێستی راستەقینەی ئەمریکا لەم هێرشانەدا نازانرێت، چونکە گوێمان لە بۆچوونی جیاواز دەبێت. ئەوەی روونە ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە بەشداری لەم شەڕە ناکات بەو مەرجەی بەرژەوەندییەکانی نەکرێنە ئامانج. ئێرانیش ئەمەی لەبەرچاو گرتووە و هیچ بەرژەوەندی و بنکەیەکی ئەمریکای نەکردووەتە ئامانج. پێموایە ئیران زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات چونکە نیگەرانە لەوەی ئەمریکا بەشداری لە جەنگەکە بکات. هەر ئەمەش هۆکارە کە تاوەکو ئێستا گرژییەکان سنووردارن لەنێوان ئێران و ئەمریکا. بەڵام بیرتان نەچێت پێشهاتەکان رۆژانە زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکاری خێرا روودەدەن ئەمە مانای ئەوە ناگەیێنیت بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت دۆخەکە. لەوانەیە لە 24 کاژێری داهاتوودا گۆڕانکاری بکرێت بەپێی پێشهاتەکان.
رووداو: لە 2015 ئەمریکا و ئێران لە دانوستاندنی بەرنامەی ئەتۆمیدا رێککەوتن. پێتانوایە کشانەوەی ئەمریکا لەم رێککەوتنە بڕیارێکی هەڵە بوو؟
ئالان: خۆم لە سەرەتای دانوستاندنەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداربووم، کە لە ئەنجامدا رێککەوتنی ساڵی 2015ـی لێکەوتەوە و هەردوولایەن واژۆیان لەسەر کرد. بەڵام بینیمان سەرۆک ترەمپ لە ساڵی 2018 کشایەوە، بەڵام بیرتان نەچێت ئێران پابەندی رێککەوتنەکە بوو کەچی سەرۆک ترەمپ کشایەوە چونکە پێیوابوو پێویستە زۆرترین گوشار بخرێتە سەر ئێران، بەئومێدی ئەوەی کە بتوانێت رێککەوتنیکی باشتر بکرێت. ئایا ئەمە بڕیارێکی هەڵەبوو؟ نازانم. سەرکردەکان هەمیشە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە هەنگاوی دیکە بگرنەبەر. بەبۆچوونی کەسی خۆم پێموایە کشانەوە لە رێککەوتنی دانووستاندنەکان ئەتۆمی لە ساڵی 2015 کارێکی هەڵەبوو، بەڵام سەرۆک ترەمپ پێیوابوو کە بە جۆرێکی دیکە مامەڵە بکات. ئەو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، مافەی ئەوەی هەبوو بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات.
رووداو: ئەم شەڕەی ئیسرائیل و ئێران بەشێکە لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار؟
ئالان: نەخێر، ئەگەر بێتوو ئاماژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکەین، ئەوە بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی سزا ئابوورییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەتایبەتی لە بواری وزە و نەوتیشەوە. هەر بۆیە ئەم شەڕە بەشێک نییە لە ستراتیژییەت و سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بۆ گوشارخستنە سەر ئێران. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ئەمە شتێکی جیاوازە. ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێت بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران زیاتر لە ساڵێکە بۆ هێرشێکی وەها ئامادەکاری کردووە. سەرەتا هەڕەشەیەکی گەورە نەبوو راستە ئێران بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی هەوالگری ئەمریکا هیج ئاماژەیەک نەبووە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. تەنانەت ئەگەر بێتوو بەم ئاراستەیەش هەنگاو بنێت، کاتێکی زۆری دەوێت. بۆیە ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامیداوە زیاتر شتێکە کە خۆی پێیوایە ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە لە کۆتاییدا ئێران رازی دەبێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری پرۆژەی ئەتۆمی بێت؟
ئالان: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشەی دەستیپێکردووە پێموایە دەکرێ بەمجۆرە بێت بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکرێت. بیرتان نەچێت، ئەوەی پەیوەندی بەهێزی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە ئەمە شتیکی سنووردارە. دەبینین ئێران نیگەرانە، هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیس نیگەرانە بەهۆی پابەند نەبوونی ئێران بە بڕیارە نوێیەکان بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم. بۆیە ئەگەر بێتوو قسە لەسەر ئێستا بکرێت، دەکرێت وەکو هەنگاوێکی ستراتیژی بنرێت بۆ ئەوەی ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی وڵاتەکەیدا بهێنێت و لە شوێنێکی دیکە پیتاندنی بۆ بکات. لە هەمانکاتدا بیرتان نەچێت بەشێکی گەورەی ئەم بابەتە پەیوەندی بە شکۆی ئێرانەوە هەیە. ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکاری رێکنەکەوتن و سازش نەکردنەکەیە.
رووداو: ئیسرائیل دەتوانێت بەبێ چەکی قورسی ئەمریکا بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ لەنێوببات؟
ئالان: ئێستا بەم جۆرە دەردەکەوێت ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێراندا دەستکراوەیە و توانیوویەتی بەشێکی زۆری هێزە ئاسمانییەکان و سیستمی دژە مووشەکی لەنێوببات. هەر بۆیە ئەوەی مەبەستی بێت دەتوانێت بیکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بنکەکانی ئەتۆمی نەتەنز و ئیسفەهان-یش هەن دەکرێ ئەوانیش بۆردوومان بکرێن. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئیسرائیل بۆمبی لەمجۆرەی هەیە بتوانێت بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ لەنێوببات یان نا؟ هاوکات بیرتان نەچێت ئیسرائیل کارێکی لەمجۆرەش بکات، ئێران ئەو توانایەی هەیە لە قووڵاییەکی زۆرتر بنکە ئەتۆمییەکان دروست بکاتەوە و هێزی ئەتۆمی خۆی دەستپێبکاتەوە. بۆیە پێموانییە ئیسرائیل بە بۆمب بتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەنێوببات چونکە دواجار ئێران پسپۆر و شارەزا و توانایەی هەیە بتوانێت بەردەوامی بەم پرۆگرامە بدات. بەو مەرجەی ئەگەر بێتوو ئەم هێرشانە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام نەبن تا ئەو کاتەی ئیسرائیل نیگەرانییەکانی کۆتایی پێدیت لەوەی ئێران چیدی نابێتە هەڕەشە بۆی.
رووداو: کەی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆتایی پێدێت؟ تا کەی ئەم جەنگە بەردەوام دەبێت؟
ئالان: ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە کە هێرشەکەی چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبن. وا دیارە تاوەکو ئێستا شتێک دەرنەکەوتووە و هیچ گوشارێکی زۆر بەهێزی نێودەوڵەتیش نەبووە بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێرشەکانی رابگرێت. هاوکات وا دیارە ئێران نەیتوانیووە زیانێکی زۆر بە ئیسرائیل بگەیێنیت تاوەکو خەڵکی ئیسرائیل گوشارێکی گەورە بەسەر حکومەتی ناتانیاهۆ دروست بکات بۆ راگرتنی شەڕ. تاوەکو ئێستا هیچ گوشارێکی نێودەوڵەتیی و نێوخۆیی بەسەر ئیسرائیل نییە و هەروەها ئیسرائیل پێیوایە ئێران هەڕەشەیە بۆ مانەوەی ئیسرائیل. ئەمەش وا دەکات ئیسرائیل گوێ بە گوشارە لاوەکییەکانی دیکە نەدات. بۆیە پێموایە ئەم هێرشانە بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبن ئەگەر بێتوو ئێران پاشەکشە نەکات و دان بەوەدا نەنێت کە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنێت.