ئەو فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییانەی کە ئێران دەیەوێت لە شەڕی دژی ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 کاتێک ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باش بوون، چەندین فڕۆکەی پێشکەوتووی لێ کڕیوە کە تاوەکو ئێستاش لە خزمەتی سەربازیدا کار دەکەن.
جۆرەکانی ئەمانەن:
F-14 Tomcat
- خاوەنی راداری (AN/AWG-9)ـە کە سیستمێکی راداری بەهێزە لە یەک کاتدا 24 ئامانج دیاری دەکات و دەتوانێت 6 یان بپێکێت.
- مووشەکی فۆنیکسی AIM-54 هەڵدەگرێت کە زۆر بەخێرایی دەگاتە ئامانجەکەی لە مەودایەکی دوور دا. لە شەڕی نزیکیش ئامانجەکەی ون ناکات و دەیپێکێت.
- فڕۆکەکە بەخێرایی دوو هەزار و 500 کم لە کاژێرێکدا دەبڕێت
- فڕۆکەکە باڵەخانەی بە گوێرەی خێراییەکەی دەگۆڕێت
F-4 Phantom 2
فڕۆکەیەکی جەنگیی بۆمبڕێژکراوی فرەڕۆڵە، ئەمریکا دروستی کردووە، لە هێرشی زەوینی و سیخوڕی بەکاردەهێندرێت. ئێران 20 بۆ 30 فڕۆکەی لەوجۆرەی ماون.
- فڕۆکەکە دەتوانێت بەخێرایی دوو هەزار 370 کم لە کاژێرێکدا بڕوات
- توانای هەڵگرتنی 8400 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە.
- بۆمبی لیزەری و مووشەکی دژەکەشتی هەڵدەگرێت.
- لە شەڕی ئێران و عێراق رۆڵی بنەڕەتی بینیوە.
F-5 Tiger 2
ئەم فڕۆکەیە بۆ شەڕی سووک بەکاردەهێندرێت، چونکە بەراورد بەوانەی دیکە هێندە بەهێز نییە
- بەخێرایی 1700 کم لە کاژێرێکدا دەڕوات
- توانای هەڵگرتنی مووشەکی بچووکی هەیە
- ئێران سیستمێکی نوێی راداری بۆ زیاد کردووە
- زیاتر بۆ بەرگریی ئاسمانی و راهێنانی فڕۆکەوانان بەکاردەهێندرێت
تەمەنی ئەو فڕۆکانە نیو سەدە دەبن، بەشێکیان ئێران بە پارچەی ناوخۆ نوێی کردوونەتەوە و سیستمی تەکنەلۆژی بۆ زیاد کردوون، بەڵام ژمارەیان بە تەواوی نازانرێت کە چەندێکیان دەتوانن بە تەواوی کار بکەن.
چوار رۆژە جەنگی وڵاتەکە لەگەڵ ئیسرائیل دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا تەنیا بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی داونەتەوە و هیچ فڕۆکەیەکی لە هێرشەکانی بەکارنەهێناوە.