ئەمریکا پێداچوونەوە بە پێدانی ڤیزەی مرۆیی- تەندروستی بە غەززەییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێداچوونەوەیەکی گشتیی بە پێدانی ڤیزە بە دانیشتووانی غەززە دەکەن. ئەمە دوای ئەوەی وڵاتەکە سێ هەزار و 800 ڤیزەی کاتیی بە هۆکاری مرۆیی- تەندروستی بە فەلەستینییەکان دا.
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێدانی هەموو ڤیزەیەکی سەردان بە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە رادەگرن و پێداچوونەوەی تەواو بەو بابەتەدا دەکەن. دەشڵێت، لەم چەند رۆژەی رابردوودا ژمارەیەک ڤیزەی کاتی بۆ مەبەستی مرۆیی بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دراون.
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و غەززەوە، واشنتن سێ هەزار و 800 ڤیزەی جۆری B1/B2ی بە فەلەستینییەکان داوە. ئەو جۆرە ڤیزەیە دەدرێتە ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی چارەسەری تەندروستی دەیانەوێت بچنە ئەمریکا.
پێداچوونەوە بە پێدانی ڤیزە بە فەلەستینییەکان دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو لاورا لومەر، چالاکڤانی راستڕۆی تووندڕۆ و یەکێک لە پاڵپشتیکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، ئەم مانگە ژمارەیەک "ئاوارەی" فەلەستینی چوونەتە ئەمریکا.
گوتەکانی لومەر ناڕەزایەتی لەنێو کۆمارییەکاندا دروستکرد. چیپ رۆی، نوێنەری ویلایەتی تێکساس لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، داوای زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە دەکات. راندی فاین، نوێنەری ویلایەتی فلۆریداش رایگەیاند، ئەمە "مەترسییەکی ئەمنی نیشتمانییە".
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی و بۆردوومان وەڵامیدایەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا زیاتر لە هەزار و 1200 کەس کوژران و 250ـی دیکەش بە بارمتەگیران.
بە گوێرەی تەندروستیی غەززەش، تاوەکو ئێستا لانیکەم 61 هەزار دانیشتووی غەززە کوژراون و 155 هەزار و 275 کەسی دیکەش بریندار بوون.