خێزانێک لە غەززە کچێکیان ناو دەنێن کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
 
وەک دەربڕینی وەفاداری و خۆشەویستی بۆ خەڵکی کوردستان، گەنجێکی کەرتی غەززە کۆرپەکەی ناوناوە "کوردستان".
 
محەممەد ئەلحەبال، باوکی منداڵەکە، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە کۆرپەیەکی لەسەر دەستە و نووسیویەتی، "کوردستان لە غەززە لەدایکبوو."
 
لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "ئەمڕۆ خودا کچێکی جوانی پێبەخشین ناومان نا کوردستان". خوێن و رووحمان قەرزاری خەڵکی کوردستانە و لەبەر خۆشەویستیمان بۆتان کچەکەمان ناونا کوردستان. خودا کوردستان و خەڵکەکەی و غەززەی خۆشەویست بپارێزێت و هێزی ئەوەمان پێببەخشێت کە قودس رزگار بکەین."
 
بەپێی بەڵگەنامەی لەدایکبوونەکەی ئەو منداڵەکە لە نەخۆشخانەی عەودە لە گەڕەکی نەسیرات لە کەرتی غەززە لەدایکبووە و دایکی ناوی مەی هیشام کەمالە. ئەم کارەی ئەو باوکە فەڵەستینییە وەک پاداشتێک بۆ ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییە لەقەڵەم دەدرێت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ غەززەیان هەبووە.
 
لەسەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، چەندین هەڵمەتی فراوانی کۆکردنەوەی کۆمەک لەلایەن کەسایەتی و دەزگا خێرخوازییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خەڵکی غەززە راگەیێندران. لە رێگەی ئەو هەڵمەتانەوە، بڕێکی زۆر هاوکاریی دارایی و پێداویستیی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماوی کەرتی غەززە کۆکرایەوە و رەوانە کرا، ئەمەش هاوسۆزیی قووڵی نێوان هەردوو گەلی نیشان دا.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، لە غەززە مانگانە زیاتر لە چوار هەزار منداڵ لەدایک دەبن. لە هەر سێ کەس یەکێکیان پێشوەختە لەدایک دەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە کێشیان کەمەو پێویستیان بە چاودێریی چڕ دەبێت، هەر بەپێی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە دوو ساڵی رابردوودا 64 هەزار منداڵ لە سەرانسەری غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون یان پەککەوتە بوون، کە لانیکەم هەزار منداڵی ساوایان تێدایە.