کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ئاگربەستی غەززەی پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ

کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل دەنگی لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست دا کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رێککەوتنەکە، کە دەبێت ئێستا بچێتە بەردەم کابینەی گەورەی حکومەت بۆ رەزامەندیی کۆتایی، شەڕ و بۆردوومانی غەززە رادەگرێت.
 
بڕیارە لەسەر ئەو بنچینەیە رۆژی یەکشەممە، دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتانە بکرێت کە حەماس لە هێرشێکدا لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئیسرائیل دەستگیری کردن.
 
لە بەرامبەر ئەو بارمتانە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە لەلایەن قەتەر، ئەمریکا و میسرەوە نێوبژیوانی بۆ کراوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەتان بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
 
وێڕای ئەوەی لە چوارشەممەوە پێشنیازی رێککەوتنەکە راگەیێندراوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نەوەستاون و دەیان کەسیان کوشتووە. سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە 24 کاژێردا نزیکەی 50 ئامانجی لە غەززە بۆردوومانکردووە.
 
کابینەی گەورەی حکومەتی ئیسرائیل ئەمشەو کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی مۆری کۆتایی پەسندکردن لەسەر رێککەوتنەکە بدات. ئاگربەستەکە لە ئێوارەی رۆژی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
 
نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کابینەی ئەمنی بۆ حکومەتی پێشنیازکردووە پەسندی بکات، چونکە "پشتیوانی لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی جەنگ دەکات".
 
نووسینگەکەی پێشتر رایگەیاندبوو، ئازادکردنی بارمتەکان رۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات.
 
تەنانەت پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، ئاوارەکانی غەززە کە بۆ بەشەکانی دیکەی کەرتەکە راگوێزرابوون، خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان ئامادەدەکرد.
 
نەسر غەرابلی، کە لە شاری غەززەوە بۆ کەمپێک لە باشووری کەرتەکە دەربەدەربووە، گوتی: "دەچم زێدی خۆم ماچ دەکەم. ئەگەر لەسەر خاکەکەم بمرم، باشترە لە مانەوەم لێرە وەک ئاوارەیەک."
 
لە ئیسرائیلیش خەڵک خۆشحاڵن، بەڵام لە چارەنووسی ژمارەیەک لە بارمتەکانیش نیگەرانن. 
 
کفیر بیباس، کە رۆژی شەممە دەبێتە دوو ساڵ، بچووکترین بارمتە بوو.
 
حەماس لە تشرینی دووەمی 2023 رایگەیاند کفیر و ئارێلی برا چوار ساڵانەکەی و شێریی دایکیان لە بۆردوومانێکدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سوپای ئیسرائیل هێشتا مردنەکەیانی پشتڕاست نەکردووەتەوە، زۆر کەس هێشتا هیوایان هەیە.
 
پشتڕاستبوونەوە
 
دوو وەزیری راستڕۆی توندڕۆ دژایەتیی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە دەربڕیوە و یەکێکیان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی لە حکومەت کردووە، بەڵام ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێیوایە ئاگربەستەکە بەگوێرەی پلان جێبەجێ دەکرێت.
 
بلینکن گوتی: "دڵنیام و چاوەڕێش دەکەم جێبەجێکردنەکە، وەک گوتمان، رۆژی یەکشەممە دەستپێبکات."
 
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل چەندین ناوچەی کەرتەکەی بۆردوومان کردووە و زیاتر لە 100 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون لەو کاتەوەی رێککەوتنەکە رۆژی چوارشەممە راگەیێندراوە.
 
یەکینەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس، هۆشداریی دا کە هێرشەکانی ئیسرائیل ژیانی ئەو بارمتانە دەخاتە مەترسییەوە کە بڕیارە بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئازاد بکرێن و دەکرێت "ئازادییان بگۆڕدرێت بۆ تراژیدیا".
 
جەنگەکە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، 1,210 کەس لە ئیسرائیل کوژران، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.
 
لە کۆی 251 بارمتە، 94 کەسیان هێشتا لە غەززەن، 34 لەوانە سوپای ئیسرائیل دەڵێت مردوون، واتە تەرمەکانیان لە غەززە ماوە.
 
هێرشەکانی ئیسرائیلیش بەشێکی زۆری غەززەی وێران کردووە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 46 هەزار و 788 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن. 
 
ترەمپ و بایدن
 
رێککەوتنی ئاگربەستەکە دوای چڕکردنەوەی هەوڵی نێوەندگیرەکان هات، دوای چەندین مانگ لە دانوستاندنی بێ ئەنجام، لەکاتێکدا تیمی ترەمپ شانازی بەوەوە دەکات کە لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کاریان کردووە بۆ مۆرکردنی رێککەوتنەکە.
 
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژی پێنجشەممەدا گوتی: "ئەگەر ئێمە بەشدار نەبووینایە لەم رێککەوتنە، هەرگیز روویندەدا."
 
بەرپرسێکی ئاست باڵای ئیدارەی بایدن گوتی، ئەو پێکەوەبوونە چاوەڕواننەکراوە پاڵنەرێکی یەکلاییکەرەوە بوو لە گەیشتن بە رێککەوتنەکە.
 
وردەکارییەکان
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کاتی راگەیاندنی رێککەوتنەکە رۆژی چوارشەممە، گوتی، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە 42 رۆژ دەخایەنێت و 33 بارمتە ئازاد دەکرێن، لەوانە ژن "منداڵ، بەساڵاچوو و هەروەها سڤیلە نەخۆش و بریندارەکان".
 
حکومەتی ئیسرائیل پێیوایە ئەو 33 کەسە زیندوون، بەڵام حەماس هێشتا ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
 
هەروەها لە قۆناخی یەکەمدا، هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سڤیلنشینە قەرەباڵخەکانی غەززە دەکشێنەوە و رێگە بە ئاوارە فەلەستینییەکان دەدرێت بگەڕێنەوە "شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان".
 
دوو سەرچاوەی نزیک لە حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، سێ سەربازی ژنی ئیسرائیلی یەکەم کەس دەبن کە ئێوارەی یەکشەممە ئازاد دەکرێن.
 
سەرچاوەیەک کە داوای کرد ناوی نەهێنرێت، بە فرانس پرێسی گوتووە دوای ئازادکردنیان، ستافی خاچی سوور لەگەڵ تیمەکانی میسر و قەتەر پێشوازییان لێدەکەن.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پاشان ئەو سەربازانە دەبرێنە میسر و لەوێ پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەگەڕێندرێنەوە ئیسرائیل.
 
سەرچاوەکە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاشان "چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل یەکەم گرووپی بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات، لەوانە چەند کەسێک کە سزای سەختیان بەسەردا سەپێندراوە".
 
میسر رۆژی هەینی میوانداریی گفتوگۆی تەکنیکی دەکات لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ئۆفەر کالدەرۆن و ئۆهاد یاهالۆمی، هاووڵاتییانی فەرەنسی- ئیسرائیلی لە لیستی ئەو 33 بارمتەیەدان کە لە قۆناخی یەکەمدا ئازاد دەکرێن.
 
بایدن گوتی، قۆناخی دووەم دەکرێت ببێتە هۆی "کۆتاییهاتنی هەمیشەیی جەنگ".
 
لە غەززەدا کە نزیکەی هەموو 2.4 ملیۆن دانیشتووانەکەی لانیکەم جارێک ئاوارە بوون، کارمەندانی مرۆیی نیگەرانی ئەو ئەرکە گەورەیەن کە لە پێشیانە.
 
ئاماندە بازێرۆڵ، رێکخەری پزیشکانی بێسنوور (MSF) بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "هەموو شتێک وێران کراوە، منداڵان لە شەقامەکانن، نازانین دەبێت سەرەتا چی بکەین."