وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: نزیکەی شەش هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل ماون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 6 هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان ماون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی شەممە، 17ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 560 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراوەنەتەوە؛ نزیکەی 5 هەزار و 500 بۆ 6 هەزار خێزانیش ماون بگەڕێندرێنەوە".
یەکەم کاروان لە 06-05-2021 گەڕێندرایەوە کە 95 خێزان بوون. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆلەوە بەردەوامە و بەم نزیکانە بەشێکی دیکەیان دەگەڕێندرێنەوە. ئەوان دوای وردبینی ئەمنی دەبرێنە کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان".
پێشتر زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆل بوون کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدەدایە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 55 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانن کە گەورەترین کەمپە بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش. زۆرترینی ئەوانیش عێراقین.