دوو گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ عێراق دواکەوتن

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق رایگەیاند، کێشەی گەشتەکانی تورکیا چارەسەر کراوە و گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت، بانکە حکومییەکان پارەیان بۆ فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ نەناردبوو، بۆیە گەشتەکان دواکەوتن.
 
شەوی رابردوو گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە ئیستەنبووڵەوە بۆ بەغدا و بەسرا دواکەوتن. کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا هۆکارەکەی بۆ "رێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ" گەڕاندەوە.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری دواکەوتنی ئەو دوو گەشتە، دواکەوتنی پێدانی پسووڵە داراییەکان بوو بە فڕۆکەخانەکە لەلایەن بانکە حکومییە عێراقییەکانەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوە کرد، دوای هەوڵێکی زۆر توانیویانە کێشەکە چارەسەر بکەن و پسووڵەکە رادەستی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بکەن.
 
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، کێشەکە لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەخانەکە چارەسەر کراوە و گەشتەکان بەبێ هیچ گرفتێک دەستیان پێکردووەتەوە، هەروەها دڵنیایی دا کە "ئەم دواکەوتنە کاریگەریی نەرێنی لەسەر خشتەی گشتیی گەشتەکانی دیکەی کۆمپانیاکە نابێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێڵە ئاسمانییەکان، خالید شوانی، وەزیری گواستنەوەی عێراق بەوەکالەت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە "پێویستە لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە گرفتانە بکرێت و هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ مسۆگەرکردنی رێڕۆی کارەکان."
 
مەبەست لە پسووڵەی دارایی لە فڕۆکەخانەکان، ئەو تێچوو و پارانەیە کە کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکان دەبێت بیدەنە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانە یان ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاریی زەمینی پێشکەش دەکەن؛ پێدانی ئەو پسووڵانەش لە رێگەی بانکە حکومییە عێراقییەکانەوە دەبێت.