حکومەتی لوبنان: داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا چوار مانگی دیکە دەخایەنێت

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی لوبنان رایدەگەیێنێت، سوپای وڵاتەکە پێویستی بە چوار مانگی دیکە هەیە بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵاش ئەو هەنگاوە بە "تاوانێکی گەورە" ناودەبات و دەڵێت: "خزمەت بە ئیسرائیل دەکات."
 
رۆژی دووشەممە 16-02-2026، پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری زانیاریی لوبنان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "حکومەت ئاگاداری وردەکارییەکانی سوپایە بۆ قۆناخی دووەمی پلانەکە. ماوەی چوار مانگ بۆ ئەم قۆناخە دیاریکراوە، بەڵام ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە، ئەوەش بەگوێرەی تواناکانی سوپا و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئاستەنگەکانی سەر زەوی."
 
بەر لە کۆبوونەوەکەی حکومەت، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بە تووندی دژی ئەو هەنگاوە وەستایەوە و گوتی: "ئەوەی حکومەتی لوبنان دەیکات لە چوارچێوەی داماڵینی چەک، تاوانێکی گەورەیە، چونکە ئەمە خزمەت بە ئامانجەکانی ئیسرائیل دەکات."
 
نەعیم قاسم داوای لە حکومەت کرد کۆتایی بە هەموو رێکارەکانی سنووردارکردنی چەکی حیزبوڵڵا بهێنێت و بەرپرسیارێتی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلی خستە ئەستۆی "سازشە یەک بەدوای یەکەکانی" حکومەتی لوبنان.
 
سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و هێزەکانی لە پێنج ناوچەی ستراتیژیی باشووری لوبنان هێشتووەتەوە؛ تەلئەڤیڤ پێیوایە هەنگاوەکانی سوپای لوبنان بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا "پێویست و تەواو نین."
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان کوژرانی دوو کەسی لە هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە راگەیاند، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەکدارانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
 
حکومەتی لوبنان ساڵی رابردوو دوای ئەوەی حیزبوڵڵا لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بەشێکی زۆری هێزەکەی لەدەستدا، پابەندبوونی خۆی بە داماڵینی چەکی گرووپەکە راگەیاند، بەڵام حیزبوڵڵا تاوەکو ئێستا هەموو جۆرە داواکارییەکی بۆ رادەستکردنی چەکەکانی لە باکووری رووباری لیتانی رەتکردووەتەوە.