ئیمارات دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە ئیمارات، گەڕانەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا راگەیاند، دوای نزیکەی دوو کاژێر لە راگرتنی کاتی و وەک رێکارێکی خۆپارێزی.
دەستەکە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، لە راگەیێندراوێکدا کە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئیمارات بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی ئیماراتدا گەڕانەوە دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەمەش دوای سەقامگیربوونی دۆخەکە و هەڵگرتنی رێکارە خۆپارێزییەکان کە بەشێوەیەکی کاتی پەیڕەو کرابوون."
گوتیشی: "بڕیارەکە دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری دۆخی کارپێکردن و ئەمنی و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە."
پێشتر لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئیمارات، داخستنی کاتی و بەشەکیی ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، وەک رێکارێکی خۆپارێزیی نائاسایی لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
دەستەکە رایگەیاندبوو: "ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و وردی مەترسییە ئەمنی و کارپێکردنەکان و بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دراوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو و دەڵێت، لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەدات. دیارترینیان ئیمارات، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوون و زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، ئەمەش لەلایەن وڵاتە ئامانجکراوەکانەوە سەرکۆنە کراوە.
تاران دەڵێت، هێرشەکانی وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتەوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ئەمنی، لە بەرامبەردا تارانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.