ئەزهەر داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ئەزهەر، داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ و "بێ مەرج" هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی رابگرێت.
درەنگی شەوی رابردوو 17ـی ئاداری 2026، ئەزهەر لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، بە تووندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشە بێ پاساوەکانی ئێران دەکات بۆ سەر دراوسێکانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وڵاتانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە "ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، کوێت، سعودیە و عومان. هەروەها ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و دراوسێی دیکە، لەوانەش ئوردن، عێراق، تورکیا و ئازەربایجان."
ئەزهەر داوای لە ئێران کردووە، "وەک وڵات و دراوسێیەکی موسڵمان، بێ هیچ مەرجێک بڕیارێکی دەستبەجێ بدات کە لە ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە و شەریعەتەکەی فەرزی دەکات، بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییانە."
هەروەها داوای لێکردووە "بۆ پاراستنی گیانی ئەو خەڵکە بێتاوانەی کە لەم ململانێیانەدا هیچ تاوانێکیان نییە، پێویستە ئێران رێز لە سەروەرییان و خاکەکەیان بگیرێت و لە دوور و نزیکەوە دەستی بۆ نەبرێت. "
جەختی لەوەش کردووەتەوە، "ئامانجکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون، فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە و دامەزراوەکانی وزە لەو وڵاتانەی کە لایەن نین لە هیچ ململانێیەکدا، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و دەرچوونێکی ئاشکرایە لەوەی ئیسلام لەبارەی پاراستنی گیان و ماڵ و موڵکەوە فەرزی کردووە."
زیاتر گوتی، هەموو ئەمانە لەسەر ئێران پێویست دەکات "هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و دراوسێکانی رابگرێت و هەر پەرەسەندنێکی دیکە کە ململانێکان زیاد دەکات، بوەستێنێت."
ئەزهەر، ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە کار بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە بکرێت؛ بۆ پاراستنی خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان و رێزگرتن لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی و حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی وڵاتان."
ئەزهەر، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە راگرتنی شەڕ و زاڵکردنی دەنگی هۆشمەندی و دیالۆگ و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە ئەستۆ بگرێت؛ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان."
زانکۆی ئەزھەر، گەورەترین زانکۆی دینی، زانستی و ئیسلامیی جیھانیە و دووەمین زانکۆیە لە جیھاندا بۆ دامەزراندن لە دوای زانکۆی قەروین. ئەم زانکۆیە لە شاری قاھیرەی پایتەختی میسرە.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە، ئێران بە پاساوی لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و ئوردن. بەهۆیەوە دەیان کوژراو و سەتان برینداری لێکەوتووەتەوە و و زیانی بە ژمارەیەک دامەزراوەی سڤیل گەیاندووە.
تاران، بەم هێرشانە وەڵامی دەستدرێژییەکی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەداتەوە کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە. دەشڵێت، بەهۆیەوە لانیکەم هەزار و 332 کەس کوژراون، لەنێویاندا 202 منداڵ و 223 ژن و عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران. هەروەها زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربوون.
هەروەها مووشەک و درۆن ئاراستەی ئیسرائیل دەکات، کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 14 کەس و برینداربوونی 3 هەزار و 530 کەسی دیکە، جگە لە هێرشگەلێک کە 13 سەربازی ئەمریکییان کوشتووە و 200ی دیکەیان بریندار کردووە.