سعودیە و میسر تاوتوێی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسرییەکەی، تاوتوێی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە کرد.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعودیە، کۆبوونەوەکە لە ریازی پایتەخت بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ سعودیە ئەنجامی داوە، کە بەشێکە لە گەشتێکی ناوچەیی کە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکردووە و قەتەر، ئیمارات، عومان و ئوردنیشی گرتووەتەوە.
 
ئاژانسەکە بڵاویکردەوە، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.
 
هەردوولا تاوتوێی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە کرد، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها سەرکۆنەی بەردەوامیی "دەستدرێژییەکانی ئێران"ـیان بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی کردەوە.
 
ئەمە پێنجەمین وێستگەی وەزیری دەرەوەی میسرە لە گەشتێکی کراوەیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی، کە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد و قەتەر، ئیمارات، عومان و ئوردنیشی گرتەوە، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی هاوسۆزی بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران لە 28ی شوباتی رابردوو، لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی تاران لە 28ی شوباتی رابردوو، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەتەوە.
 
ئێران دەڵێت، هێرشەکانی لە وڵاتانی عەرەبی، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، بەڵام هەندێکیان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوون و زیانیان بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە. ئەمەش لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانەوە سەرکۆنە کراوە و داوای راگرتنی دەستدرێژییەکان دەکەن.
 
جەنگی ئیسرائیل- ئەمریکا دژی ئێران بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و بەرپرسانی ئەمنی، لە بەرامبەردا تارانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، کە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوون.
 
سەرەڕای پێشکەوتنی تاران لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شایەتیی نێوەندگری عومانی، رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. ئەمە دووەمجارە تەلئەبیب مێزی گفتوگۆکان هەڵدەگەڕێنێتەوە، کە یەکەمیان بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی حوزەیرانی 2025.