سووریا: سوودانى و شەرع رێککەوتوون هاوئاهەنگى مەیدانى و هەواڵگریی نێوانیان بەهێز بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتى کۆمارى سووریا راگەیاند: کۆبوونەوەى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى هەنگاوێکى گرنگە لە رێگەى بنیاتنانى پەیوەندیی هاوبەش، لەسەر بنەماى رێزگرتن لە یەکدى و بەرژوەندیی هاوبەش.
 
دەشڵێت، هەردوولا رێککەوتوون هاوئاهەنگى مەیدانى و هەواڵگریى نێوان لایەنە پەیوەندارەکانى هەردوو وڵات بەهێز بکرێت بە ئامانجى بنەبڕکردنى مەترسییە هاوبەشەکان.
 
سەرۆکایەتى کۆمارى سووریا راگەیێنراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى نێوان محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر، لە دەوحەى پایتەختى قەتەر بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەو کۆبوونەوەیە بە نێوەندگیریى قەتەر ئەنجامدراوە و باس لە پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان عێراق و سووریا کراوە.
 
بە گوێرەى سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا، هەردوو سەرۆک جەختیان لە رێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی هەردوو وڵات کردەوە و هەموو جۆرە دەستوەردانێکى دەرەکییان رەتکردەوە و رایانگەیاندووە کە ئاسایشى سووریا و عێراق بەردى بناخەى ئاسایشى ناوچەکەیە.
 
ئەوە یەکەم کۆبوونەوەى نێوان سوودانى و شەرعە، لە دواى رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا لە 8ى کانوونى دووەمى 2024 .
 
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە هەردوولا تاوتوێى دۆسیەى ئاسایشى سنوورى هاوبەشى نێوانیان کردووە و رێککەوتوون هاوئاهەنگى مەیدانى و هەواڵگرى نێوان لایەنە پەیوەندارەکانى هەردوو وڵات بەهێز بکرێت بە ئامانجى بنەبڕکردنى مەترسییە هاوبەشەکان.
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى سووریا رایگەیاندووە، هەردوولا تاوتوێى شێوازى کاراکردنى پەیوەندى بازرگانى نێوانیان کردووە لەگەڵ ئاسانکاریى بۆ هاتوچۆى هاووڵاتییان و کاڵا لە سنوورى نێوانیان. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ى نیسانى 2025  میدیاى فەرمى عێراق یەکەمجار هەواڵى کۆبوونەوەى نێوان سوودانى و شەرعى بڵاو کردەوە.  
 
سەرۆکایەتى کۆمار رایگەیاندووە ئەو دیدارە هەنگاوێکى گرنگە لە رێگەى بونیاتنانى پەیوەندى هاوبەش لەسەر بنەماى رێزگرتن لە یەکدى و بەرژوەندى هاوبەش و هەنگاوێکى نوێیە بۆ بە هێزکردنى کارى عەرەبى هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکانى ئێستا.