شادەماری ئابووریی جیهان پێنج هەفتەیە داخراوە و 20,000 دەریاوان لە تەنگەی هورمز گیریان خواردووە
رووداو دیجیتاڵ
تەنگەی هورمز، کە خاڵی بازرگانیی نەوتی جیهانە، زیاتر لە پێنج هەفتەیە بە رووی کەشتیوانی دا داخراوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێک، ئومێدەکانی گەیشتن بە چارەسەر کەم دەبن و کاریگەرییەکان لە سەر ئابووریی جیهان و ژیانی هەزاران دەریاوان قورستر دەبن.
کۆمپانیای هاپاگ لۆید کە گەورەترین کۆمپانیای کەشتیوانیی ئەڵمانیایە، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
شەش کەشتیی ئەم کۆمپانیایە لە ناو ئاوی کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن لەو رێڕۆ تەسکەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە تێپەڕ بن. جگە لە کەشتییەکان، 150 دەریاوانی ئەم کۆمپانیایە لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە.
ئیرینا هەیسلەر، لە کۆمەڵەی کەشتیوانانی ئەڵمانیا رایگەیاند، دۆخی دەریاوانەکان زۆر سەختە، بەتایبەتی لە رووی دەروونییەوە، چونکە ئەوان لە ناوچەیەکی جەنگدان.
نێڵز هاوپت، گوتەبێژی هاپاگ لۆید رایگەیاند: "مانەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و نیو لە ناوچەی جەنگ دا شتێکی نوێیە. گرنگترین شت پاراستنی گیانی تیمە لە ناو کەشتییەکان دا."
کۆمپانیاکە رۆژانە لەرێگەی مانگی دەستکردەوە پەیوەندییان پێوە دەکات تاوەکو بتوانن لەگەڵ خێزانەکانیان قسە بکەن.
بەهۆی ئەوەی کەشتییەکان ناتوانن لە بەندەرەکان دا لەنگەر بگرن، دابینکردنی خۆراک لەرێگەی کەشتیی بچووکەوە لە ناو دەریا کراوەکاندا دەکرێ.
هاوپت گوتی: "خۆراکەکان لەڕێگەی بەرزکەرەوەوە دەخرێنە سەر کەشتییەکان و لە کۆگە ساردکەرەوەکان دا هەڵدەگیرێن." هەرچەندە زنجیرەی دابینکردنی خۆراک بەردەوامە، بەڵام نرخی ئاوی خواردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
تێچووی دارایی جەنگەکە بۆ کۆمپانیاکانی کەشتیوانی یەکجار زۆرە. نێڵز هاوپت گوتی، تەنیا بۆ کۆمپانیای ئەوان، ئەم جەنگە هەفتانە 60 ملیۆن دۆلار تێچووی زیادەی هەیە:
سووتەمەنی؛ نرخی هەر تۆنێک سووتەمەنی 400 دۆلار زیادی کردووە، کۆمپانیاکە هەفتانە پێویستی بە 100,000 تۆن هەیە، کە دەکاتە 40 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ سووتەمەنی.
دڵنیایی: تێچووی بیمەی کەشتییەکان بەرزبووەتەوە.
کۆگە: تێچووی هێشتنەوەی کۆنتێنەرەکان لە بەندەرەکانی عومان، پاکستان و هیندستان، ملیۆنان دۆلاری دیکەی خستووەتە سەر خەرجییەکان.
کۆمپانیای هاپاگ لۆید جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو سێ مەرجی سەرەکی بەدی نەیەن، کەشتییەکانیان نانێرنە ناو تەنگەی هورمز:
پاککردنەوەی تەواوەتیی رێڕۆکە لە مینە دەریاییەکان.
پاراستنی کەشتییەکان لە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی.
بوونی پشتگیریی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی 20,000 دەریاوان کە ئێستا لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە.