راپرسییەک: نەتەنیاهوو لە رکابەرەکانی دەباتەوە، بەڵام زۆرینەی ئیسرائیلییەکان نایانەوێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی نوێترین راپرسی لە ئیسرائیل نیشانی دەدات، بنیامین نەتەنیاهوو لە بەرامبەر هەر چوار رکابەرە سەرەکییەکەی لە پێشەوەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرینەی بەشداربووان پێیان وایە نابێت جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی وڵات.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، بنیامین نەتەنیاهوو لە هەموو رووبەڕووبوونەوە دووقۆڵییەکاندا لەپێش رکابەرە سیاسییەکانیدایە؛ بە جۆرێک لە کێبڕکێی بەرامبەر نەفتالی بێنێتی سەرۆکوەزیرانی پێشوودا، نەتەنیاهوو 41%ی دەنگەکان و بێنێت 34%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
لە بەرامبەر گادی ئایزێنکۆتیشدا نەتەنیاهوو بە کۆکردنەوەی 42%ی دەنگەکان بەرامبەر بە 36% بۆ ئایزێنکۆت، لە پێشەوەیە.
هەر بەپێی راپرسییەکە، جیاوازیی نەتەنیاهوو لەگەڵ یائیر لاپیدی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر دەبێت و نەتەنیاهوو 42% و لاپید تەنیا 27%ی دەنگەکانیان هەیە، لە کۆتاییشدا لە بەرامبەر ئەڤیگدۆر لیبەرمان دا نەتەنیاهوو رێژەی 42%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لیبەرمانیش تەنیا 24%ی پشتگیریی بەشداربووانی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە.
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنەی نەتەنیاهوو بەرامبەر رکابەرە دیارەکانی هەیەتی، کاتێک بە شێوەیەکی گشتی پرسیاری ئەوە لە ئیسرائیلییەکان کراوە "ئایا نەتەنیاهوو یان کەسێکی دیکە ببێتە سەرۆکوەزیران؟" 56%ی بەشداربووان گوتوویانە "کەسێکی دیکە"، لە کاتێکدا تەنیا 36% گوتوویانە نەتەنیاهوو و 8%یش بێلایەن بوون.
مەترسی لەسەر دیموکراسی و لێکترازانی ناوخۆیی
راپرسییەکە ئاماژە بە نیگەرانییە قووڵەکانی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی دەکات؛ 53%ی بەشداربووان دەڵێن، نیگەرانی داهاتووی دیموکراسی لە وڵاتەکەیانن، لە بەرامبەردا 42% دەڵێن نیگەران نین.
سەبارەت بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، 56%ی بەشداربووان پێیان وایە "لێکترازانی ناوخۆیی" گەورەترین هەڕەشەیە، لە کاتێکدا 39% پێیان وایە "هەڕەشە ئەمنییەکان" مەترسیی سەرەکین.