ئیسرائیل: ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا کاتییە و سوپا لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگربەستی 10 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی "کاتییە" و سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لەنێو خاکی لوبناندا کۆنترۆڵی کردوون، ناکشێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە کاتی مەراسیمی دەرچوونی ئەفسەران لە باشووری ئیسرائیل گوتی: "سوپای ئیسرائیل لە هەموو ئەو ناوچانەی کە کۆنتڕۆڵی کردوون دەمێنێتەوە."
کاتز لەبارەی ئەو ئاگربەستەی کراوە گوتی: "ئێمە لە نێو جەرگەی جەنگداین دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان، ئەوەی هەیە تەنیا راگرتنێکی کاتیی شەڕ و ئاگربەستێکی 10 رۆژەیە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان "داماڵینی چەکی حیزبوڵڵایە، چ بە رێگەی سەربازی بێت یان دیپلۆماسی". گوتیشی بەهۆی تێوەگلانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا و گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی لوبنان، دەرفەتێکی دیپلۆماسیی بەهێز هاتوووەتە پێشەوە.
لەبارەی زیانەکانی حیزبوڵڵا، کاتز ئاشکرای کرد کە زیاتر لە هەزار و 700 چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون، کە ئەم ژمارەیە دوو هێندەی کوژراوانی حیزبوڵڵایە لە جەنگی ساڵی 2006. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچە سنوورییەکان لە چەکدارانی حیزبوڵڵا و دانیشتووانەکەی چۆڵکراون و ژێرخانی سەربازی و ئەو خانوانەی کرابوونە بنکەی چەکداران، تێکدراون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە ئەگەر لە رێگەی رێککەوتنی دیپلۆماسییەوە ناوچەکانی تاوەکو رووباری لیتانی لە چەکدار و چەک پاکنەکرێنەوە، ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ شەڕ و گوتی، "ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، هەر دانیشتوویەک گەرابێتەوە نێو ناوچە ئەمنییەکە، دەبێت جارێکی دیکە چۆڵی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەرکە سەربازییەکانمان تەواو بکەین."