سیئۆل رێگەى نوێى بۆ گواستنەوەى نەوت دۆزییەوە؛ دەریای سوور لەبری تەنگەی هورمز


رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باشوور یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی تەنگەی هورمز نا و رایگەیاند یەکەم کەشتیی نەوتهەڵگری وڵاتەکەیان لە رێگەی دەریای سوورەوە توانیویەتى بگەڕێتەوە.
 
رۆژی هەینی، 17ی نیسانی 2026 وەزارەتی زەریاکانی کۆریای باشوور رایگەیاند، لە دەستپێکی داخرانى تەنگەى هورمزەوە، بۆ یەکەمجار کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بە رێگەیەکی جێگرەوە و بە دەوری تەنگەکەدا لە دەریای سوور تێپەڕ بووە. 
 
کۆریای باشوور کە بۆ دابینکردنی وزە پشت بە نەوتی هاوردە دەبەستێت، زنجیرەیەک رێکاری بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی وزە گرتووەتەبەر، دوای ئەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران لە کۆتایی شوباتدا تەنگەی هورمزی پەکخست.
 
سیئۆل بە فەرمی رایگەیاندووە، پێنج کەشتیی دیکە بە ئاڵای کۆریای باشوورەوە رەوانەی بەندەری "یەنبو" لە سعودیە دەکات، کە دەکەوێتە سەر دەریای سوور، تاوەکو رێڕەوێکی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی جێگیر بکەن. 
 
لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ئەم هەنگاوەی بە "دەستکەوتێکی بەنرخ" وەسف کرد کە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە وەک یەک تیم کراوە و سوپاسی دەریاوانەکانی کرد کە لە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا کار دەکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە، کانگ هوون-سیک، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور رایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دابینکردنی زیاتر لە 270 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەو رێگەیانەوە مسۆگەر بکات کە ناکەونە ژێر کاریگەریی قەیرانی هورمز. 
 
ئەم بڕە نەوتە بەشی پێداویستیی زیاتر لە سێ مانگی کۆریای باشوور دەکات. ئەم پێشکەوتنە دوای گەشتێکی دیپلۆماسیی کانگ بۆ وڵاتانی کازاخستان، عومان، سعودیە و قەتەر دێت کە بە مەبەستی دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەی سووتەمەنی کردبووی.
 
داخرانی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و گەمارۆ دەریاییە نوێیەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، بازاڕی وزەی جیهانیی هەژاندووە و نرخی نەوتی برێنتی بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز کردەوە، بەڵام دوای ئاگربەست بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی.