تۆم باراک: رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا رێز لە هێز دەگرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکە بۆ سووریا، لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە تورکیا گوتی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا رێز لە یەک شت دەگرێ، کە ئەویش هێزە. 
 
باراک گوتی: "ئەم بەشەی جیهان تەنیا رێز لە یەک شت دەگرێت، ئەویش هێزە. ئەگەر هێز پیشان نەدەیت و لاوازی بنوێنیت، دەدۆڕێیت." 
 
باراک وەک نموونە ئاماژەی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کرد، کە گوایە لەبەرئەوەی "بەهێز و بوێرە،" وڵاتەکەی سەقامگیرە. 
 
دیپلۆماتە ئەمریکییەکە باسی لەوە کرد، ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە.
 
باراک ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کرد و گوتی: "لە سووریا، ئەمریکا چی کرد؟ ئێمە هێزمان نەنارد، ئێمە هێزمان کشاندەوە. ئێمە پێچەوانەی ئەوە کارەمان کرد کە ماوەی 100 ساڵ بوو دەکرا."
 
باراک روونیکردەوە کە ئەمریکا "دوایین سەربازەکانی" لە بنکەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە، لە "یەکێک لە گرنگترین وڵاتەکان کە تێیدا شەڕێکی 10 ساڵەی دژی داعش بەڕێوەچوو." ئەو دیپلۆماتە ئەم هەنگاوەی بە "زۆر باش" ناوبرد.
 
رۆڵی نوێی "جهادییەکان" و گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باراک ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە روانگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کرد و گوتی: "جەنگاوەرێکی ئاشکرای جیهادی، ئێستا لە 16 مانگدا دەبێتە یەکێک لە رێزلێگیراوترین و پێشەنگترین سەرکردەکانی وڵاتێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمە شتێک بوو پێشتر نەبیسترابوو."
 
تۆم باراک باسی لەوە کرد کە ئەمە لە ئەنجامی کۆمەڵێک رووداو و کۆدەنگیی وڵاتانی کەنداو و تورکیا هاتە ئاراوە بۆ کۆتاییهێنان بە "رژێمی ئەسەد کە بۆ 50 ساڵ بەردەوام بوو."
 
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە گوێی بە رێنماییەکان نەدا و لە مانگی ئایاری 2025 لە ریازی پایتەختی سعودیە، لەگەڵ شەرع دانوستاندنی کرد و لە 47 خولەکدا گەیشتنە رێککەوتن بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا. 
 
تۆم باراک ئەم هەنگاوەی بە هۆکارێک زانی بۆ ئەوەی "وڵاتێکی نوێ، بابەتێکی نوێ" بە پاڵپشتیی ناوچەکە لە سووریا دروست بێت.
 
دۆخی سووریا؛ فرەنەتەوەیی و کێشەی بێ متمانەیی
 
تۆم باراک باسی لە ئاڵۆزییەکانی سووریا کرد و گوتی، ئەو وڵاتە لەگەڵ کورد، دروزەکان و هەروەها لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران رووبەڕووی کێشە بووەتەوە. 
 
باراک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە "شەڕێکی 50 ساڵە بوو لەگەڵ جیهان، کە لەناکاو گۆڕدرا بۆ یەکێک لە سەقامگیرترین و باوەڕپێنەکراوترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەنیا لەبەرئەوەی وازیان لەو تێڕوانینە هێنا کە 50 ساڵ بوو باوەڕیان پێی هەبوو."
 
بەڵام هۆشداری دا کە لە سووریا "هیچ متمانەیەک لە نێوان دوو قەوارەدا نییە" بۆ ئەوەی پشتیان بە "دامەزراوەیەکی سەربازیی سووری" ببەستن بۆ پاراستنیان و گوتیشی کە سووریا "تاکە ئابووریی راستەقینەیە" لەو ناوچە ئاڵۆزەدا، لە کاتێکدا کێشەی زۆری هەیە.
 
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە بەرزترین ئاستدان
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە، باڵیۆزی ئەمریکا بە روونی رایگەیاند، پەیوەندییەکان ئێستا "لە باشترین ئاستی" 15 ساڵی رابردوودان، نەک تەنیا لەنێوان سەرۆکەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو لە هەموو ئاستەکانی وەزاری، هەواڵگری، سەربازی و بازرگانی.
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی کڕینی سیستمی بەرگریی S-400ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە چارەسەر بێت، کە بووەتەهۆی سەپاندنی سزاکانی کاستا (CAATSA) بەسەر تورکیادا و دوورخستنەوەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35.
 
ئیسرائیل، ئەمریکا و ئاسایشی ناوچەکە
 
تۆم باراک باسی لە روانگەی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە کرد و گوتی: "ئەگەر بەیانییەک لە تەلئەڤیڤ لە خەو هەستیت و رۆژنامەیەک بخوێنیتەوە، دەبینیت نەخشەیەک هەیە کە پێی دەگوترێت ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی 2.0... ئەمە ئەو تێڕوانینەیە کە ئیسرائیل پێشکێشی دەکات سەبارەت بەوەی تورکیا دەبێت چی بێت."
 
بەڵام گوتیشی، تورکیا و ئیسرائیل پەیوەندیی بازرگانی و ئابووریی "قووڵیان" هەیە و ئەو قسانەی سەرکردەکانی هەردوو وڵات دژی یەکدی دەیانکەن "تەنیا رەوانبێژیی سیاسییە."
 
ئەو دیپلۆماتە بەرگری لە رێککەوتنی ئیبراهیم کرد کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ واژۆ کرا و گوتی، ئەوە تاکە رێگەیە بۆ سەقامگیری؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکایە و ئێستا خۆی لە ناوچەیەکی جوگرافیدا دەبینێتەوە کە "لە ساڵی 1948ـەوە تا رادەیەک بۆی نائارام بووە."