کۆنسوڵی فەلەستین: ئیسرائیل شەڕی گەلەکەمان دەکات نەک حەماس و جیهاد
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارە ئیسلامییە فەلەستینییەکان بەردەوامە و، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت کە شەڕ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەلەستینن نەک حەماس و جیهاد.
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداودا باس لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارە ئیسلامییە فەلەستینییەکان کرا کە هەریەکە لە نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان؛ تۆفیق کەریم، رۆژنامەڤان و کەسایەتیی سیاسی؛ فەرهاد محەممەد، رۆژنامەڤان و عارف قوربانی، رۆژنامەڤان بەشدار بوون.
نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئەم رووداوانە وا دەبینین کە لەسەر بنەمای یەک ئاراستەن و هێرشن بۆ سەر گەلی فەلەستینی، ئەمە تەنیا بۆ سەر حەماس و جیهاد نییە؛ هێرشکردنە سەر هەموو گەلی فەلەستینە. کرۆکی بابەتەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەجێندای نەتەنیاهووی راستڕەو کە دەیەوێت قودس بکاتە یەهوودی و خەڵکەکەی پاکتاو بکات و خەڵکی فەلەستینیی تێدا نەهێڵێت. ئەمە لە چوارچێوەی گرێبەستی سەتەدایە کە ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رایگەیاند و قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند. ئەمە پلانگێڕیی رۆژانەی داگیرکاریی ئیسرائیلییە."
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ئێمە بەرگریکردنیان لە گەل، ئاسایش و پیرۆزییەکانیان بە کارێکی رەوا دەزانن و ئەمە چوارەمین جارە غەززە بەو جۆرە هێرشی دەکرێتە سەر و ئیسرائیلییەکان خەڵکی سڤیل و شوێنە گشتییەکان دەکەنە ئامانج.
ئیسرائیل تاوەرێکی تەختی زەوی کرد کە نووسینگەی ئاژانسە میدیاییەکانی تێدا بوو و ئەو وای راگەیاندووە کە چوار نهۆمی لەلایەن هێزی بەرگریی سایبەری (ئینتەرنێتی)ـی هەواڵگریی حەماسەوە بە کار هێنراوە و کاژێرێک پێشتر میدیاکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت چۆڵ بکرێت.
نەزمی حزووری گوتی: "ناتوانم بڵێم ئەوە لەو شوێنەدا هەبووە و شوێنی هەواڵگری بووە. ئەوە پاساو نییە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر شوێنی نیشتەجێبوون. هێرشەکانی ئیسرائیل بریتین لە بەئامانجگرتنی شوێنی گشتی لە غەززەدا کە خەڵکێکی زۆریان کوشتووە."
زیاتر لە 3600 مووشەک لەلایەن حەماس و جیهادەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون کە نزیکەی 90٪یان لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە بەر لە کەوتنەخوارەوەیان لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوە.
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان گوتی: "نزیکەی زیاتر لە 70 ساڵە خەڵکی سڤیلی فەلەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە ئامانج کراون. ئێمە ئاشتیمان دەوێت، جەنگمان ناوێت. ئیسرائیل جەنگی ئایینی دەکات. شاری قودس شاری پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە. ئێمە ئاشتیمان دەوێت، دەوڵەتێکی فەلەستینیمان دەوێت کە لەسەر بڕیارە رەواکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت کە وڵاتێک بۆ فەلەستین دروست بکرێت کە ناوچەکانی غەززە، قودسی رۆژهەڵات بە هەردوو مزگەوتی ئەقسا و کەنیسەی قیامەوە لەو وڵاتەدا بن و ئەو زەوییانە بگەڕێنرێنەوە کە لە ساڵی 1967ـەوە دەستیان بەسەردا گیراوە."
بەڵام فەرهاد محەممەد، رۆژنامەڤان پێیوایە، "راستە ئیسرائیل لەسەر هەق نییە، بە تایبەتی لە پرسی شێخ جەراحدا کە جووەکان زەویی فەلەستینییەکانیان داگیر کردووە، بەڵام حەماس کێشەکەی شێخ جەراحی قۆستووەتەوە و هەوڵی داوە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بشێوێنێت، بە تایبەتی کە بە تەما بوون هەڵبژاردن بکەن، بەڵام دواخراوە. ئەو دەیەوێت بەرتاو (نفوذ)ی خۆی بەسەر دەسەڵاتی فەلەستیندا بسەپێنێت. ئەو کارەی حەماس وای کردووە ئیسرائیل بڵێت بەرگری لە خۆم دەکەم. بەڵام وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل زۆر تووندن و ژن و منداڵێکی زۆر بوونەتە قوربانی کە وای کردووە رای گشتی بەرانبەر بە ئیسرائیل هەندێک بگۆڕدرێت."
لای خۆیشیەوە تۆفیق کەریم، رۆژنامەڤانی ئیسلامی گوتی: "ئەم کێشەیەی فەلەستین فرەڕەهەندە، وەک ئایینی، مرۆیی، سیاسی و نەتەوەیی، ناتوانین لە یەک رووەوە سەیری بکەین، گەرچی رەهەندە ئایینییەکە تێیدا زاڵە. راستییەکە ئەوەیە کە جوو دەیەوێت بە بیانوویەک خاکی خۆی لەسەر زیانمەندبوونی فەلەستینییە رەسەنەکان زیاد بکات."
لە هەرێمی کوردستان حیزب و لایەنە ئیسلامییەکان هاوسۆزیی خۆیان بۆ فەلەستین دەربڕیوە و دژی هێرشی ئیسرائیلن بۆ سەر غەزە.
تۆفیق کەریم گوتی: "هەڵوێستی حیزبە ئیسلامییە کوردییەکان بە گشتی رەهەندێکی ئایینییە و وەک بنەمایەکی هزری سەری بابەتەکە دەکەن و وا دەزانن فەلەستین بەر لەوەی کێشەیەکی مرۆیی و نەتەوەیی بێت کێشەیەکی ئایینییە. تا ئێستا حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لەو رووەوە سەیری دەکەن کە فەلەستین وڵاتێکی ئیسلامییە و جوولەکە هێنراوەتە ئەوێ و داگیری کردووە."
هاوکات فەرهاد محەممەد پێیوایە، نابێت پرسی حەماس و جیهادی ئیسلامی تێکەڵاوی چەرمەسەرییەکانی خەڵکی فەلەستین بکرێت، ئێستا خەڵکی فەلەستین بازرگانییان پێوە دەکرێت و بۆ بەرتاو (نفوذ)ی سیاسی بەکاردەهێنرێن و ئەوەی حەماس دەیکات شتێک نییە کە بگوترێت داکۆکی لە پرسی فەلەستین دەکات.
تاوەکو ئێستا شەڕی نێوان گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانی فەلەستین و ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 210 فەلەستینی و 10 ئیسرائیلی.