گەرما مەینەتی غەززەییەکانی زیاتر کردووە؛ منداڵەکان تووشی هەستەوەری بوون

رووداو دیجیتاڵ

ئاوارەکانی شاری غەززەی کەرتی غەززەی فەلەستین، لەنێو گەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا ژیان بەڕێدەکەن. لەنێو خێوەتی بچوکدا کۆکراونەتەوە و ناچارن بەرگەی بڵاوبوونەوەی مێشومەگەز، گەرمای خنکێنەر و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان بگرن. 
 
سەباح ئەلدالی، دانیشتووی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "مێشوولە پێمانەوە دەدات و سەگ و مشکەکانیش دێنە نێو خێوەتەکان و شەوانە لەگەڵماندا دەخەون. منداڵەکان تووشی هەستیاری بوون؛ ئێمە بە دەستی بەتاڵ ماڵەکانمان بەجێهێشت. لێرە دەخەوم، بەڵام بە درێژاییی شەوەکە ئارەق دەکەمەوە و ژیان سەختە. لەبەر دەنگی سەگەکان ناتوانین بخەوین، منداڵە بچووکەکانیش خەویان لێناکەوێت. بەهۆی گەرماوە جەستەیان بووەتە برین و تووشی هەستەوەری بوون. هەموو رۆژێک یەکێکیان دەبەمە نەخۆشخانە."
 
غەززە هاوینێکی درێژ، وشک و شێداری هەیە. پلەی گەرما تێیدا گەیشتووەتە 30 پلەی سیلیزی و بوونی رێژەیەکی بەرزی شێش وایکردووە کە هەست بکرێت پلەی گەرما نزیکەی 40 پلەی سیلیزی بێت. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 500 کەس بەهۆی گەرما و نەبوونی ئامێری فێنککەرەوە لە سەرانسەری غەززە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون. 
 
نەبوونی ئاو دۆخەکەی قورستر کردووە و ئاوارەکان ناچارن پەنا ببەنە بەر دەریا یان ئەو بڕە ئاوەی ماویانە بەسەر منداڵەکانیانیدا بکەن بۆ فێنککردنەوەیان؛ زۆربەی منداڵان بەهۆی پێوەدانی مێشوولە بەردەوام دەگرین.
 
سوبحییە رەمەزان، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "لە ماڵەکانی خۆماندا رێزلێگیراو بووین، ئەوان ئێمەیان هێنایە ئێرە بۆ نێو خێوەت. وەرە ژوورەوە بۆ نێو خێوەتەکە و ببینە، ئاگرێکی داگیرساوە، هەر لەبەر ئەوەشە بەتانییەکە دەهێنمە ئێرە و لەژێر ئەم سێبەرەدا دەمێنمەوە کە دروستمان کردووە، ئەمەیە ژیانی ئێمە."
 
پزیشکانی کەرتەکە هۆشداری دەدەن، گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دۆخی نەخۆشانی سووتاو و بریندارانی خراپتر کردووە و ئارەقکردنەوە و شێ، گەشەی بەکتریای خێراتر کردووە. ئەوەش لەکاتێکدایە، دەستڕاگەیشتن بە ئازارشکێن و پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر سنووردارە.