ساتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر لە زاری سەرکردەیەکی حەماسەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای حەماس، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی حەماس لە قەتەر لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکران، دەرکەوتەوە. ئەو دەڵێت، لەکاتی گفتوگۆی پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی غەززە بۆردوومانکراون و لە کەمتر لە خولەکێکدا 12 مووشەکیان لە شوێنەکە دا. 
 
رۆژی 9ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماسی لە قەتەر بۆردوومان کرد. لەو هێرشەدا 6 کەس کوژران. بەرپرسانی ئیسرائیل کوژرانی سەرکردەکانی حەماسیان لەو کۆبوونەوەیەدا راگەیاند، بەڵام بزووتنەوەکە هیچی لەبارەوە نەگوتووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، غازی حەماد، سەرکردەی باڵای حەماس یەکێک بوو لەو سەرکردانەی گرووپەکە کە لە کۆبوونەوەکەی قەتەردا بوو. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە کەناڵی جەزیرە دەرکەوتەوە و باسی ساتی بۆردوومانەکەی ئیسرائیلی کرد. 
 
ئەو سەرکردەیەی حەماس رایگەیاند، "مووشەکەکان بە بەبێ وەستان دەهاتن و ژمارەیان نزیکەی 12 دانە بوو لە کەمتر لە خولەکێکدا". گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە دەمانزانی ئەوە هێرشی ئیسرائیلە". گوتیشی، "خوا یارمەتیداین رزگاربین لەو دەستدرێژییە لە دژی ئێمە و قەتەری دۆستمان". 
 
بە گوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە حەماس، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە خەلیل حەییە، سەرپەرشتیاری تیمی دانوستاندنی حەماس، خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشووتری بزووتنەوەی حەماس و زاهیر جابرینی، بەرپرسی کەرتی رۆژئاوای حەماس و باسم نەعیم و تاهیر نونو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حەماس ئامادە بوون. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کرد و ئەو کارەیان بە ئاڵۆزترکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەباربردنی هەوڵی ئاگربەست دانا. ئەمە لەکاتێکدایە لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە، حەماس و ئیسرائیل لە جەنگدان.