پێنتاگۆن: لە مانگێکدا 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، تائێستا 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا. راشیگەیاند، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگی و کارکردن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پاراستنی هێزەکانیان. 
 
درەنگیی شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە رۆژی سێشەممەوە سێ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستاش 58 جار".
 
لە وەڵامی رۆژنامەڤانێک کە ئایا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چاوەڕێی کوژرانی سەربازێکی دەکات تاوەکو وەڵامی هەبێت، سینگ گوتی، "بێگومان نەخێر."
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی: "هەموو ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر پێگەکانمان، هێرشی شکستخواردوو بوونە و تائێستا هیچ زیانێکی گیانی یان ژێرخانمان نەبووە، ئەوانەشی لە رابردوو برینداربوون، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان."
 
سابرینا لەبارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکاوە گوتی، "تائێستا لە سووریا سێ جار بە تووندی هێرشمان کردووەتە سەر چەندین پێگە و کۆگای چەکی ئەوان، هێرشەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو میلیشیایانە دەستیان بە چەکەکانی خۆیان نەگات."
 
لە بەشێکی کۆنفڕانسەکە لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق پرسیاری لێکرا، ئەو گوتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەت و سوپای عێراق بە مەبەستی پاراستنی هێزەکانمان لەو وڵاتە. سەربازانمان بە بانگهێشتی عێراق چوونەتە ئەو وڵاتە، بۆیە لەکارکردن و هاوئاهەنگی بەردەوام دەبین."
 
بەگوێرەی سابرینا سینگ، تائێستا 27 هێرش لە عێراق و 31 هێرشیش لە سووریا کراونەتە سەر هێزەکانیان.
 
دوایین وەڵامدانەوەی ئەمریکا چوار رۆژ لەمەوبەر بوو، رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا دوو پێگەی سەر بە ئێرانیان لە سووریا بۆردوومانکرد، کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردەهاتن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر پێگە و بنکە و سەربازانی ئەمریکی.
 
ئۆستن گوتی، "سەرۆکی ئەمریکا جگە لە دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کارمەند و سەربازانی ئەمریکا، هیچ کارێکی دیکەی لەپێشینەی نییە، بۆیە کە بڕیاری لەسەر ئەو بە ئامانجگرتنە دا، ئەو تەنیا مەبەستی ئەوە بوو بۆ هەموو لایەک روون ببێتەوە، کە ئەمریکا بەرگریی لە سەرباز، کارمەند و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات."
 
پێش ئەویش، رۆژی چوارشەممە، 8-11-2023، کۆشکی سپی رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کۆگایەکی چەک و تەقەمەنییان لە سووریا کردووەتە ئامانج کە سەر بە ئێران بوو. هەروەها، هێزەکانی ئەمریکا لە 26-10-2023 دوو بنکەیان کردە ئامانج کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە ئێرانەوە بەکاردەهاتن.
 
بەشێک لەو هێرشانە لە هەرێمی کوردستانیش بوون، شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە  "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
 
پێنتاگۆن دەڵیت لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە عێراق و سووریا تائێستا لانیکەم 56 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و 900 سەربازیش لە سووریا وەک هەوڵێک لە رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، جێگیرکراون.
 
رۆژی شەممە، 21-10-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ بە‌هێزترکردنی پێگەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکە، هەروەها ئامادەکردنی هێزێکی سەربازی بۆ وەڵامدانەوە لەکاتی پێویست. 
 
لۆید ئۆستن گوتی، "ئەم هەنگاوانە هەوڵەکانی خۆپاراستنی ناوچەیی زیاتر دەکەن، هێزەکانی ئەمریکی زیاتر دەپارێزن، هەروەها یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن لە بەرگریکردن لەخۆی."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریان لە دەریای سپیی نێوەڕاست هەیە و کەشتییەکی دیکەش زیاد دەکەن، جگە لەوە سیستمی تاد THAAD بۆ بەرگریی لە هێزەکانیان بەگەڕدەخەن؛ ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش لەهەر کاتێک کە پێویستبێت، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە. 
 
سیستمی تاد THAAD سیستمێکی بەرگریی دژە مووشەکی ئەمریکییە بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکی بالیستیکی دیزاین کراوە. ئەم سیستمە لە ساڵی 1987 دیزاین کرا، بەڵام بۆ یەکەمجار لە 2008 جێگیرکرا. سیستمەکە لەسەر ئۆتۆمبێلی سەربازی جێگیردەکرێت، کێشەکەی 900 کیلۆگرامە و درێژییەکەی 6.17 مەترە.