نەتەنیاهوو گەورەترین گرێبەستی گازی لە مێژووی ئیسرائیلدا لەگەڵ میسر واژۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنی گازی لە مێژووی وڵاتەکەیدا پەسند کردووە، کە بەهای پڕۆژەکە دەگاتە نزیکەی 35 ملیار دۆلار و گاز بۆ میسر دابین دەکات.
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، بنیامین نەتەنیاهوو لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ گەورەترین گرێبەستی گازم لە مێژووی ئیسرائیلدا پەسند کرد. بەهای گرێبەستەکە 112 ملیار شیکڵە (34.7 ملیار دۆلار)، لەو بڕەش 58 ملیار شیکڵ (18 ملیار دۆلار) دەچێتە نێو گەنجینەی دەوڵەتەوە."
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی و هاوبەشە ئیسرائیلییەکانە بۆ دابینکردنی گاز بۆ میسر. هاوکات ئیلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل کە لە کاتی گوتارەکەدا ئامادە بوو، رایگەیاند: "ئەمە گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنە لە مێژووی دەوڵەتدا."
بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا
ئەم گرێبەستە گەورەیە کە گاز لە کێڵگەی (لیڤایاتان)ـی دەریاییەوە بۆ میسر دەگوازێتەوە، ئامانج لێی نەک تەنیا سوودی ئابوورییە، بەڵکو وەک نەتەنیاهوو دەڵێت: "پێگەی ئیسرائیل وەک زلهێزێکی وزە لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات و هاوکار دەبێت لە چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
هەرچەندە ئیسرائیل لە مانگی ئابی رابردووەوە رێککەوتنی سەرەتایی واژۆ کردبوو، بەڵام هەندێک پرسی هەڵپەسێردراو هەبوون کە بووبوونە هۆی دواکەوتنی؛ ئێستا بە پەسندکردنی کۆتایی، رێگە بۆ دەسپێکردنی هەناردەکە خۆش دەبێت.
قەیرانی وزەی میسر و پێویستیی بە گاز
میسر لە ساڵی 2022ـەوە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، رووبەڕووی قەیرانی وزە بووەتەوە و ناچار بووە ملیاران دۆلار لە کڕینی گازی سرووشتی خەرج بکات. میسر کە پێشتر هیوای هەبوو ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی وزە لە ناوچەکەدا، ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی زیاتر پشت بە گازی ئیسرائیل دەبەستێت.
نەتەنیاهوو جەختی لەوە کردەوە، ئابووریی ئیسرائیل یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و کاردەکەن بۆ دەرهێنانی گازی زیاتر بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە کەرتی ئابووری و دیپلۆماسیی وڵاتەکەیان بدەن.