نەتەنیاهوو: پێویست بێت، مافی دەستپێکردنەوەی جەنگمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەگەر پێویست کرا،" ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە دەست بە جەنگی غەززە بکاتەوە، لە کاتێکدا دوای 15 مانگ لە جەنگی غەززە، بڕیارە بەیانیی یەکشەممە ئاگربەست بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی شەممە 18-1-2024، بنیامین نەتەنیاهوو لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "بە پشتیوانیی ئەمریکا، ئێمە مافی دەستپێکردنەوەی جەنگمان هەیە ئەگەر پێویست بکات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشدا، لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، ئیسرائیل "سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕیوە،" بەرەی ئێرانی "لاوازکردووە و حەماس بە تەنیا ماوەتەوە."
بڕیارە کاژێر 8:30ـی بەیانیی یەکشەممە بە کاتی غەززە، واتە کاژێر 9:30ـی بەیانی بە کاتی هەولێر، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، لەو قۆناخە 42 رۆژییەدا "بەشێوەیەکی کاتی شەڕ دەوەستێنرێت"، بەڵام هۆشداریدا "ئەگەر ناچاربکرێین دەست بە جەنگ بکەینەوە، ئەوا بە رێگەی نوێ و هێزی زیاترەوە دەستپێدەکەینەوە."
بە گوێرەی ئەو وردەکارییانەی لە لایەن نێوەندگیرانی قەتەری، میسری و ئەمریکییەوە خراونەتەڕوو، هەر لەو قۆناخەدا، سوپای ئیسرائیل بەرەبەرە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەکشێتەوە، رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر دەدرێت بۆ نێو غەززە، بە جۆرێک کە رۆژانە 600 بارهەڵگر، 50 لەوانە سووتەمەنی دەبەن بۆ کەرتەکە. لەو 600 بارهەڵگرە، 300یان بۆ باکووری کەرتی غەززە دەچن.
بە گوتەی نەتەنیاهوو، لە قۆناخی یەکەمدا حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی وەردەگرێتەوە" کە زۆربەیان زیندوون"، گوتیشی "هەموو بارمتەکان دەگەڕێنینەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها باسی لەوە کرد، "پێچەوانەی هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێن، بەردەوامدەبین لە کۆنترۆڵکردنی بەرەی فیلادلفیا و ژمارەی هێزەکانمان لەوێ نەک هەر کەمناکەینەوە، بەڵکو زیادیشیان دەکەین."