ئیسرائیل دژی بۆردەکەی ترەمپ لە غەززە دەوەستێتەوە؛ "هەبوونی تورکیا و قەتەر قبووڵ ناکەین"
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی "بۆردی جێبەجێکردنی غەززە" دەردەبڕێت و دەڵێت، دیاریکردنی ئەندامانی ئەو بۆردە بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ تەلئەڤیڤ کراوە و دەرەنجامەکەی مایەی قبووڵکردن نییە.
شەممە 17-01-2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا دژایەتیی خۆی بۆ پێکهاتەی ئەو بۆردە راگەیاند، کە بڕیارە لەژێر چاودێریی "ئەنجوومەنی ئاشتی"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کار بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دیاریکردنی ئەندامانی ئەم بۆردە بەم شێوەیەی ئێستا "دژی سیاسەتە گشتییەکانی ئیسرائیلە." نەتەنیاهوو بە فەرمی داوای لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، بەپەلە پەیوەندی بە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بکات، تاوەکو نیگەرانییەکانی تەلئەڤیڤ بە واشنتن بگەیێنێت.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە نێوی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسێکی باڵای قەتەری لەنێو لیستی ئەندامانی بۆردەکەدا بیندران.
ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی بوونی راستەوخۆی تورکیا و قەتەر لە بەڕێوەبردنی غەززە دا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی هەبێت، چونکە تەلئەڤیڤ هەمیشە بە گومانەوە لە رۆڵی ئەو دوو وڵاتە دەڕوانێت.
"بۆردی جێبەجێکردنی غەززە" بەشێکە لە ستراتیژییەکی نوێی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە قۆناخی دوای جەنگ. بڕیارە ئەم بۆردە هاوئاهەنگی لەگەڵ لێژنەی تەکنۆکراتی فەلەستین بکات، کە رۆژی هەینی لە قاهیرە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
ترەمپ دەیەوێت "ئەنجوومەنی ئاشتی" بکاتە جێگرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئامانجی واشنتن ئەوەیە لە رێگەی ئەم بۆردە و بە بەشداریی کەسایەتییەکانی وەک جارید کۆشنەر و تۆنی بلێر، پڕۆسەی بونیادنانەوەی غەززە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکات، بەڵام ناڕەزایەتیی ئیسرائیل دەکرێت ببێتە بەربەست لەبەردەم خێرایی جێبەجێکردنی ئەم پلانە.