ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: مووشەکێک بەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، پاشماوەی پارچەیەکی مووشەک بەر نێوەندی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە.
بەپێی زانیارییەکان ، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددیی بە وێستگەکە نەگەیاندووە و کارمەندانی ئەو ناوەندەش سەلامەتن.
کۆمپانیای "رۆساتۆم"ـی رووسی کە سەرپەرشتیی وێستگەکە دەکات، رایگەیاندووە ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکەدا ئاساییە و هیچ مەترسییەک نییە.
وێستگەی بوشەهر لەسەر کەناراوەکانی کەنداو هەڵکەوتووە، تاقە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانە و داوای لە لایەنەکان کرد ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن هەبێ بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە هەر کارەساتێکی ئەتۆمی لە کاتی ململانێکاندا.
چاودێران هۆشداری دەدەن هەر هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر تەنە کاراکانی وێستگەکە، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی تیشکدەر و دروستبوونی کارەساتی ژینگەیی گەورە لە ناوچەکەدا.