سعودیە و وڵاتانی کەنداو: رۆژی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە

رووداو دیجیتاڵ

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوێت رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە تەواوکەری مانگی رەمەزانە و رۆژی هەینی، 20ـی ئاداری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز دەبێت.
 
دیوانی پاشایەتیی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دادگای باڵای وڵاتەکە بڕیاریداوە کە بەهۆی نەبینینی مانگی شەوال لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، رۆژی پێنجشەممە دەبێتە 30ـەم رۆژی رەمەزان و رۆژی هەینی دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن.
 
لە ئیماراتیش، لیژنەی بینینی مانگی شەوال بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا بن بەییە، سەرۆکی ئەنجوومەنی فەتوای شەرعی، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئەبووزەبی هەمان بڕیاری راگەیاند و رۆژی هەینی وەک یەکەم رۆژی جەژن دەستنیشان کرد. هاوکات وەزارەتی ئەوقافی قەتەر و دەستەکانی بینینی مانگ لە بەحرەین و کوێت، بڕیاری هاوشێوەیان دا.
 
ناوەندی فەلەکناسی: بینینی مانگ مەحاڵ بووە
 
ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، لەو وڵاتانەی کە رۆژی چوارشەممە لایان 29ـی رەمەزان بووە (وەک سعودیە، ئیمارات، قەتەر و بەشێک لە عێراق)، بینینی مانگ "مەحاڵ" بووە، بۆیە ئەو وڵاتانە 30 رۆژی رەمەزان تەواو دەکەن.
 
ناوەندەکە روونیشیکردەوە کە بۆ وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، ئێران، ئوردن، میسر و بەشەکەی دیکەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئادار دەبێتە 29ـی رەمەزان و چاودێریی مانگ دەکەن.
 
بەپێی پێشبینییەکانی ناوەندی فەلەکناسی، بینینی مانگ لە رۆژی پێنجشەممەدا لە رۆژهەڵاتی جیهانی ئیسلامی مەحاڵە و لە ناوەڕاستیشی زۆر قورس دەبێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەو وڵاتانەی دیکەش جەژن یان رۆژی هەینی یان رۆژی شەممە بێت، ئەوەش دوای چاودێریکردنی هیلالی مانگی شەوال لە ئێوارەی پێنجشەممەدا یەکلا دەبێتەوە.