هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا 95% کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە 28ی شوباتەوە، کە هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، تاران تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا داخستووە؛ ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە هاتووچۆی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ستراتیژییەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست و نزیک بووەتەوە لە سفر.
تەنگەی هورمز کە درێژییەکەی 167 کیلۆمەترە، پێش جەنگ شادەماری وزەی جیهان بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە.
بەپێی ماڵپەڕی "لۆیدز لیست"ی تایبەت بە کەشتیوانی، پێشتر رۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی 120 گەشت لە تەنگەکەوە دەکران. بەڵام داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" دەریدەخەن لە 1 تاوەکو 18ـی ئاداری 2026، تەنیا 105 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون؛ ئەمەش بە واتای کەمبوونەوەی هاتووچۆ بە رێژەی زیاتر لە 95% دێت.
لەو 105 کەشتییەی تێپەڕیون، 60 دانەیان کەشتیی گوێزەرەوەی نەوت و گاز بوون. بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی "فرانس پرێس"، نزیکەی سێیەکی ئەو کەشتییانەی لەم ماوەیەدا بە تەنگەکەدا تێپەڕیون، لە لیستی سزاکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا یان بەریتانیادان.
هەروەها 17 کەشتییان بە ئاڵای ئێرانەوە بوون و 47%ـی تانکەرەکان لەژێر سزاکاندا بوون.
ناتاشا کانێڤا، شرۆڤەکاری بانکی "جی پی مۆرگان" ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی ئەو نەوتەی ئێستا بە هورمزدا تێدەپەڕێت بەرەو ئاسیا و بەتایبەتی چین دەچێت. داتاکان دەریدەخەن چین ئێستا رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە دەکرێت، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل بووە.
بەپێی راپۆرتەکان، 98%ـی ئەو نەوتەی لەم سێ هەفتەیەدا لە تەنگەکە بینراوە، نەوتی ئێران بووە کە تێکڕا 1.3 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
ئەم دابەزینە گەورەیە لە کاتێکدایە کە لە کاتی ئاساییدا، پێنجیەکی نەوت و گازی جیهان بەم تەنگە ستراتیژییەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێستا جەنگ بووەتە هۆی پەککەوتنی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.