عێراقچی بۆ یەکێتیی ئەورووپا: هەر پشتگیرییەک بۆ ئەمریکا واتە هاوبەشیکردنە لە "تاوانەکان"
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەورووپای بە "دووفاقی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە پەککەوتنی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەرەنجامی ئەو جەنگەیە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیانپێکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگ و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێ کردووە.
عێراقچی لەم گفتوگۆیەدا رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی گرت و رایگەیاند: "هەر جۆرە پشتگیرییەک یان نەرمی نواندن بەرامبەر پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە واتای هاوبەشیکردنە لەو تاوانانەی دژی گەلی ئێران دەکرێن." جەختیشی کردەوە کە تاران بە هەموو توانایەوە بەرگری لە سەروەریی خاکی خۆی دەکات بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان و نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی ئێران پەککەوتنی گەشتی دەریایی لە تەنگەی هورمزی بە "دەرەنجامی راستەوخۆی جەنگی ئەمریکا" وەسف کرد و هۆشداریی دا لەوەی واشنتن دەیەوێت وڵاتانی دیکە رابکێشێتە نێو ململانێیە سەربازییەکان.
لە بەرامبەردا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی قووڵی یەکێتییەکەی بەرامبەر لێکەوتە ئەمنی و مرۆییەکانی ئەم جەنگە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی "وەستانی دەستبەجێی جەنگ" و گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی کردەوە بۆ رێگریکردن لە داڕمانی زیاتری سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ ئیسرائیل لە هەفتەی سێیەمی دایە. واشنتن رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لەنێو ئێراندا پێکاوە و 120 کەشتیی جەنگیی تارانیان نوقم کردووە. هاوکات، ئیسرائیل کوژرانی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری هەواڵگریی ئێرانی راگەیاندووە، کە بە گورزێکی کوشندە بۆ سەر سەرکردایەتیی تاران هەژمار دەکرێت.