قەتەر: مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێرانمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی رایگەیاند، ئەمشەو شاری پیشەسازیی راس لافان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە و زیانی مادیی زۆری بەرکەوتووە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، تیمەکانیان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت مافی وەڵامدانەوەیان هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "شاری پیشەسازیی راس لافان ئەمشەو بە مووشەک هێرشی کرایەسەر. تیمەکانی وەڵامدانەوەی باری نائاسایی دەستبەجێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکانەوە دروست ببوو، رەوانە کران."
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان زیانی مادیی زۆریان لێکەوتووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرجەم کارمەندەکان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراوە
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکە دەڵێت، "هێرشی دڕندانەی ئێران بۆ سەر شاری پیشەسازیی راس لافان، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەریی وڵات و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی ناوچەکە."
قەتەر پێیوایە لایەنی ئێرانی دەیەوێت ئەو وڵاتانەی لایەن نین لە تەنگژەکەدا، پەلکێشی شەڕیان بکات. دەشڵێت: "چەندین جار داوامانکردووە کە پێویستە دامەزراوە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی وزە نەکرێنە ئامانج."
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "مافی وەڵامدانەوەمان هەیە بەو شێوەیەی، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەستەبەری دەکەن"
ئەم هێرشە بۆ سەر یەکێک لە گەورەترین ناوەندە پیشەسازییەکانی وزە لە جیهاندا، لە کاتێکدایە رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
لە دوای دەستپێکی جەنگەکەشەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە. پێش جەنگ، رۆژانە نزیکەی 20٪ی نەوتی هەناردەکراو بەو تەنگەدا دەڕۆشت. ئێستا نزیکبووەتەوە لە سفر.