قەتەر داوا لە پاشکۆ سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران دەکات لە 24 کاژێردا وڵاتەکەی بەجێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە وڵاتەکەی ئاگادار دەکاتەوە، بەوەی هەردوو پاشکۆی سەربازی و ئەمنیی ئێران لە دەوحە، لە 24 کاژێردا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر یاداشتێکی فەرمی ئاراستەی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە هەردوو پاشکۆی سەربازی و ئەمنیی تاران لە دەوحە، لەگەڵ فەرمانبەرانی هەردوو پاشکۆکە "نەخوازراون" و داوای کردووە لە ماوەی 24 کاژێردا قەتەر بەجێبهێڵن.
ئەو یاداشتە لەلایەن ئیبراهیم یوسف فەخرو، بەڕێوەبەری کارگێڕیی رێوڕەسمەکانی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رادەستی عەلی ساڵح ئابادی، باڵیۆزی ئێران لە قەتەر کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، کە ئەو بڕیارە بەهۆی هێرشی دووبارەبووەوەی ئێرانە بۆ سەر وڵاتەکەی و پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی قەتەر بووە، کە پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە (2817) و بنەماکانی رێزگرتنە لە دراوسێیەتی.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی کەنداو دەستیپێکردووە، کە قەتەر یەکێک لەو وڵاتانە بووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێڕەوە دووژمنکارانەیە، وا دەکات رێکاری دیکە بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندیی نیشتمانیی وڵاتەکەی.
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "شاری پیشەسازیی رەئس لفان ئەمشەو بە مووشەک هێرشی کرایە سەر. تیمەکانی وەڵامدانەوەی باری نائاسایی دەستبەجێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکانەوە دروست ببوو، رەوانە کران."