ئیسرائیل فەرمانی کرد بەپەلە شارێکی لوبنان چۆڵ بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ شاری سوور لە باشووری لوبنان و ناوچەکانی دەوروبەری دەرکرد. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ تووندبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و وەڵامە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا، کە تێیدا ئاماری کوژراوانی لوبنان 900 کەسی تێپەڕاند.
سوپای ئیسرائیل لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە "ئاگادارییەکی بەپەلە"ـی ئاراستەی دانیشتووانی شاری سوور کرد و رایگەیاند، بە نیازە "بە هێزێکی زۆرەوە" لە بنکەکانی حیزبوڵڵا بدات.
بیلال کەشمار، رێکخەری یەکەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە سوور رایگەیاند، شارەکە کەوتووەتە ناو پشێوییەکی گەورە؛ خەڵک بە ترسەوە هەوڵی راکردن دەدەن، قەرەباڵخییەکی زۆری هاتووچۆ دروست بووە و دەنگی تەقەی هۆشداری لە ئاسماندا دەبیسترێت.
ئەم شارە ئێستا نەک هەر دانیشتووانی رەسەن و پەنابەرە فەلەستینییەکانی تێدایە، بەڵکو میوانداریی نزیكەی 11,000 ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی باشووریش دەکات کە ئێستا هەموویان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی بۆردوومان.
سوپای لوبنان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 17-03-2026 سێ سەربازیان لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی جیاوازی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەکە کوژراون. هەرچەندە ئیسرائیل دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی سوپای لوبنان نییە، بەڵام ئەمە دووەم رووداوی کوژرانی سەربازانی وڵاتەکەیە لەم مانگەدا.
وەزیری تەندروستیی لوبنان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد، کە زیانی زۆری بە سێ نەخۆشخانەی حکومی و ناوەندێکی بەرگریی شارستانی گەیاندووە و بووەتە هۆی برینداربوونی 11 کارمەندی تەندروستی.
حیزبوڵڵای لوبنان ئێوارەی سێشەممە شەپۆلێکی هێرشی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەستپێکرد. گرووپەکە رایگەیاند، نزیكەی 12 شارۆچکە و چەندین بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان بە مووشەکی پێشکەوتوو و درۆن پێکاوە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل رایگەیاند، ژێرخانی هاوێشتنی مووشەکەکانی حیزبوڵڵای لە سەرانسەری لوبنان کردووەتە ئامانج.
ئاماری قوربانییان و ئاوارەکان
بەپێی دوایین قسەی بەرپرسانی لوبنان، لە 2ـی ئادارەوە 912 کەس کوژراون، کە 111یان منداڵن. هەروەها، زیاتر لە دوو هەزار و 141 کەس بریندار بوون.
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن، ژمارەی ئاوارەکان یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە (زیاتر لە یەک لەسەر شەشی دانیشتووانی لوبنان)، کە 132 هەزاریان لە پەناگە فەرمییەکاندا نیشتەجێن.
لە شاری سەیدا، ئاوارەکان لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا و لەسەر شەقامەکان دەخەون، چونکە هەموو قوتابخانە و پەناگەکان پڕ بوون و توانای وەرگرتنی کەسی زیاتریان نەماوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک، هەرچەندە فڕۆکەخانەکە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.
لە جنێڤ، نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دایە بەرپرسانی ئیسرائیل و رایگەیاند، هەڕەشەی وێرانکردنی لوبنان هاوشێوەی غەززە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
جەنگی لوبنان کە لە 2ـی ئادارەوە وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی دەستیپێکردووە، ئێستا بەرەو قۆناخێکی وێرانکەرتر هەنگاو دەنێت و مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ئارادایە.