سعودیە دوو درۆنی لە ئاسمانی ریاز تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
سعودیە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندووە کە ناوچەی دیپلۆماسیی ریازی پایتەختیان کردبووە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو دوو درۆنە کاتێک خرانە خوارەوە کە هەوڵیان دەدا لە ناوچەی باڵیۆزخانەکان نزیک ببنەوە."
پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبوو، چەندین درۆنیان لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا خستوەتە خوارەوە، هەروەها مووشەکێکی بالیستیشیان لە نزیک بنکەی ئاسمانیی "شا سوڵتان" لە باشووری رۆژهەڵاتی ریاز تێکشکاندووە، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێ، لە 28ی مانگی رابردووەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، 438 درۆن و 36 مووشەکیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تەقاندوونەتەوە.