ئاژانسی کاری نێودەوڵەتی: جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشە لە ملیۆنان هەلی کار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی کاری نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، دەکرێ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیان بە حەقدەست و دۆخی کارکردن بگەیێنێت، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی جەنگیش.
 
ئاژانسەکە رۆژی دووشەممە 18-05-2026 لە راپۆرتێکدا گوتی، رەنگە جەنگەکە ببێتەهۆی لەدەستدانی ملیۆنان هەلی کار و دابەزینی حەقدەست لە ساڵانی 2026 و 2027، بە تایبەت بۆ سەر کرێکارە پەناخوازەکان کە پارە بۆ وڵاتەکانیان دەنێرنەوە.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، تێکچوونی گواستنەوە، گوشاری سەر زنجیرەی دابینکاری، لاوازبوونی گەشتیاری و کەمکردنەوەی کاری پەناخوازان، هەموویان بەهۆی جەنگەکەوە بوونەتە بارگرانی لەسەر ئابووریی وڵاتان.
 
راپۆرتەکە دەڵێ: "پێشبینی دەکرێ جەنگەکە بۆ ماوەیەک کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی کار هەبێت."
 
ئاژانسی کاری نێودەوڵەتی پێشبینی کردووە، ئەگەر نرخی نەوت 50٪ بەرزبێتەوە بەراورد بە ئاستی پێش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات، ئەوا حەقدەستی کاژێرەکانی کارکردنی جیهانی 0.5٪ لە ساڵی 2026 و 1.1٪ لە ساڵی 2027ـدا دادەبەزێ.
 
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ئەمە یەکسانە بە لەدەستدانی 14 ملیۆن هەلی کار لەم ساڵدا و 43 ملیۆن هەلی کار لە ساڵی داهاتوودا؛ هەروەها داهاتی کار 1.1٪ لەم ساڵ و 3٪ لە ساڵی 2027ـدا دادەبەزێ.
 
ئاژانسی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وڵاتانی کەنداو و ئاسیا و زەریای هێمن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و رەنگە ئەنجامی جەنگەکە لە پەتای کۆڤید-19 خراپتر بێ.
 
راپۆرتەکە دەڵێ: "نزیکەی 40٪ـی هەلی کار لە ناوچەکەدا لە کەرتەکانی وەک بیناسازی، پیشەسازی، گواستنەوە، بازرگانی و میوانداری دایە."
 
سانگیۆن لی، سەرۆکی ئابووریناسان لە ئاژانسی کاری نێودەوڵەتی، کە راپۆرتەکەی نووسیوە، گوتی: "قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پچڕانێکی کورتخایەن نییە، بەڵکو شۆکێکی هێواش و بە ئەگەری درێژخایەنە کە وردە وردە بازاڕەکانی کار دادەڕێژێتەوە."