سێنتکۆم: رێگریمان لە 85 کەشتی کردووە بچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەربچن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە 13ی نیسانەوە کە گەمارۆی دەریاییان خستووەتەسەر بەندەرەکانی ئێران رێگریان لە 85 کەشتی کردووە بچنە ئەو بەندەرانە یان لێییانەوە بێنەدەرەوە و تەنگەی هورمز تێپەڕێنن.
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "سێنتکۆم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی تووندی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران. هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا رێڕەوی 85 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواوەتی"؛ دەشڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا رێگریان لە چوار کەشتی کردووە.
رۆژی 13ی نیسانی ئەم ساڵ، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە و ناچارکردنیان بە رازیبوونی مەرجەکانی واشنتن.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئێران تەنگەی هورمز وەکو چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پارەی دەستکەوێت و بەردەوامی بە ململانێکانی بدات. تەنگەکە لە 2ی ئادارەوە لەلایەن تارانەوە داخراوە ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵدا، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشکرایە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە.