راپۆرتێک: ئەمریکا مەرجە نوێیەکانی ئێرانی رەتکردەوە؛ دانوستاندنەکان لە لێواری شکستان

 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە دەڵێت، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازە هەموارکراوەکانی ئێرانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "بە هیچ شێوەیەک" بە مەرجەکانی تاران رازی نییە. ئەمەش دانوستاندنەکانی ئیسلام ئابادی گەیاندووەتە لێواری هەرەسهێنانەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس کە لە دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی وەریگرتوون، هۆکاری سەرەکیی رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران پەیوەندیی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەوە هەیە.
 
ئێران لە پێشنیازە نوێیەکەیدا داوای کردووە پرسی ئەتۆمی لە رێککەوتنی ئاگربەست جیا بکرێتەوە و بخرێتە "قۆناخەکانی داهاتوو"، بەڵام ئەمریکا ئەمەی بە تووندی رەتکردووەتەوە.
 
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان بە ئەکسیۆسی گوتووە: "بۆ ئێمە رێی تێناچێت هیچ رێککەوتنێک واژۆ بکەین کە چارەسەری کۆتایی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تێدا نەبێت. سەرۆک ترەمپ زۆر بە روونی گوتوویەتی کە مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک ئەوەیە، ئێران دەبێت دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت. ئێمە ناتوانین ئەم پرسە هەستیارە بۆ داهاتوو جێبهێڵین."
 
ناکۆکی لەسەر پارە سڕکراوەکان
 
خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکان پرسی پارە سڕکراوەکانی ئێرانە لە دەرەوە. ئێران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی "سەرجەم" پارەکانی دەکات، بەڵام واشنتن تەنیا ئامادەیە بەشێکی کەم (دەگوترێت 25%) ئازاد بکات، ئەویش بە مەرجی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن ئێرانەوە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕە هەواڵییەکەی گوتووە: "ئێران دەیەوێت هەموو شتێکی دەستبکەوێت بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی ئەتۆمیت پێ بدات، ئەمەش تەنیا کاتکوشتنە و قبووڵ ناکرێت."