وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: بارەگاکانی حکومەت لە ئێران وێران دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەمزووانە هێرش دەکەنە سەر ئامانجی دیکە لە ئێران و "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران وێران دەکەین."
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران رووبەڕووی بۆردومان و وێرانکاری دەبنەوە، لە دەزگای پەخشی فەرمییەوە دەستمان پێکردووە و بەمزووانە هێرش دەکەینە سەر ئامانجی دیکەش."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت، "بەمشێوەیە رژێم دەرووخێت."
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی ئێران، زنجیرە هێرشێکیان کردووەتە سەر رۆژهەڵاتی تاران.
میدیای سوپای پاسدارانیش بۆردوومانی زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێنی لە تاران پشتڕاستکردەوە کە باڵەخانە سەرەکییەکەی دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، 50 فڕۆکەی سەربازی وڵاتەکە هێرشیان کردووەتە سەر ئێران. لە هێرشەکاندا کارگەی دروستکردنی مووشەک و بەرهەمهێنانی سێنتریفیوجیان بە ئامانج گرتووە.
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ''بەڵێن راست 3''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاندووە و بە چەند قۆناخ بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکە.