گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دوو مانگ لە وەستانی گەشتەکانی عومرە، بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممەوە سعودیە پێشوازی لەو کەسانە بکات کە گەشتی عومرە دەکەن. بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بە رێکارە کارگێڕییەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 19-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی رێکارە کارگێڕییەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرە. گوتیشی، "پێشبینی دەکەین لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرە، هاونیشتمانییەکی زۆر سەردانی سعودیە بکەن".
 
هاوکات شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی پێنجشەممەوە سعودیە پێشوازی لەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت گەشتی عومرە بکەن".
 
لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، هەندێک هاونیشتمانی پێش کاتی دەستپێكردنی رێوڕەسمەکانی حەج ڤیزەی عومرەیان هەبووە، لە دوای 20ـی تەممووزەوە دەتوانن گەشتەکەیان بکەن.
 
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرقاڵی رێکارە کارگێڕییەکانی کۆمپانیاکانن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان بە مەبەستی رێکخستنی گەشتی عومرە.
 
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بەشێکی حاجییان لە رێگەی وشکانییەوە حەجیان کرد و چوونە سعودیە. سەبارەت بە بەکارهێنانی رێگەی وشکانی بۆ عومرە کە تێچووەکەی کەمترە لە رێگەی ئاسمانی، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، "تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە کە گەشتی وشکانی بۆ عومرە هەبێت یان نا؛ ئەو پڕۆسەیە هاوئاهەنگی دەوێت لەگەڵ عێراقدا".
 
بەڕێوەبەری حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای 20ـی تەممووزەوە هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، دەتوانێت گەشتی عومرە رێکبخات. گوتیشی، "دوایین کات بۆ کۆمپانیاکان کە خۆیان تۆمار بکەن یان مۆڵەت نوێ بکەنەوە بۆ گەشتی عومرە، 3ـی مانگی داهاتووە".
 
پێش حەجی ئەمساڵ، لە هەرێمی کوردستان 150 کۆمپانیای حەج و عومرە مۆڵەتی فەرمییان هەبوو گەشتی عومرە ئەنجام بدەن، لەبەرامبەر بڕێک پارەدا کە بەگوێرەی مانگەکان جیاواز بوو، کۆمپانیا لەسەری بوو ڤیزە و تیکتی چوون و هاتنەوەی فڕۆکە، شوێنی مانەوە لە هۆتێل، هاتووچۆی نێوان مەککە و مەدینە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە بۆ عومرەکار بۆ ماوەی 10 رۆژ دابین بکات.