باڵی سەربازیی حەماس دەڵێت، ئیسرائیل رێگری لە سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ئاگربەست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێگرە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی کاتی و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.
رۆژی هەینی 18-07-2025 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، حەماس "هەمیشە پێشنیازی رێککەوتنێکی گشتگیری کردووە کە هەموو بارمتەکان بەیەکجار بگەڕێنێتەوە."
گوتەکانی ئەبو عوبەیدە لە کاتێکدایە، نێوەندگیرەکانی وەکو قەتەر و میسر لەسەر پێشنیازێکی پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئاگربەستێکی 60 رۆژە میوانداریی گفتوگۆکان دەکەن.
وەکو بەشێک لە پێشنیازەکە، 10 بارمتە لەگەڵ تەرمی 18 کەس لە 60 رۆژدا دەگەڕێندرێنەوە و رادەست دەکرێن. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە زیندانیانی فەلەستینی ئازاد دەکات.
ئەو گوتەبێژە گوتی، ئیسرائیل "ئەوەی ئێمە پێشنیازمان کردبوو رەتیکردەوە" و داوای کرد پێداچوونەوەی پێدا بکرێت. گوتیشی، "ئەگەر دووژمن لەم گەڕەی دانوستاندنانەدا بە سەرپێچیکار بمێنێتەوە، ناتوانین گەرەنتیی گەڕانەوە بۆ پێشنیازەکانی رێککەوتنی نیمچەیی بکەین، بە پێشنیازی ئاڵوگۆڕکردنی 10 بارمتەشەوە."
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبارەی ئەم قسانە بڵاونەکراونەتەوە. دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەنێوان هەردوولادا بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا، چەندین مانگە بەردەوامن و ئەنجامیان نەبووە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی، پێداگریی حەماسە لەسەر ئەوەی هەر رێککەوتنێک دەبێت ببێتە هۆی کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ، لە کاتێکدا ئیسرائیل دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت تاوەکو حەماس بە تەواوی لەناودەبرێت.
خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان چەندین جار خۆپیشاندانیان کردووە و گوشار دەخەنە سەر حکومەتەکەی بنیامین نەتانیاهوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی کەسوکارەکانیان بکات.