وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئاماژەیەکی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری وڵاتەکانیان، ئەمڕۆ هەینی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جەددە کۆبووەوە.
تاوەکو دوو مانگ لەمەوبەریش، وێناکردنی دانیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تەنیشت شازادەی جێنشینی سعودیە ئەستەمبوو، چونکە دوو وڵاتەکە ماوەیەکی درێژ بوو لە ژمارەیەک ململانێی بەوەکالەتدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوڕووی یەک وەستابوون، تەنانەت لە ساڵی 2017 کار گەیشتە ئەوەی شازادەکە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بە ئەدۆڵف هیتلەر بچووێنێت.
بەڵام دوای ئەوەی ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیریی چین، رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، ریاز و تاران بڕیاریاندا باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانیان لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە. هەروەها شا سەلمانی سعودیە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانی بانگهێشتکرد سەردانی شانشینەکە بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەند ئاستەنگێک بە چارەسەرنەکراوی لە نێوانیاندا ماونەتەوە، لەوانەش پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، جەنگی یەمەن و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هەوڵدەدات رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکات بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی ئەمریکی لە زیندانەکانی تاران لە بەرامبەر رێگەدان بە ئێران بۆ بەکارهێنان شەش ملیار دۆلار لە داهاتی سڕکراوی نەوتەکەی کە لە کۆریای باشوور هەڵگیراوە، کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو زیاددەکات.
میدیای سعودیە دیمەنی کۆبوونەوەی بن سەلمان و ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی لە شاری جەددەی سەر دەریای سوور بڵاوکردەوە. میدیاکە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و "دەرفەتەکانی پێکەوەکارکردن بۆ داهاتوو کرد."
لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X (تویتەری پێشوو)، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، لەگەڵ بن سەلمان بۆ ماوەی 90 خولەک قسەیان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، "گفتوگۆی راشکاوانە، کراوە، بەسوود و بەرهەمدار لەسەر سیاسەتی دراوسێیەتی کرا. بە ویستی سەرکردەکانی هەردوو وڵات، پەیوەندیی دوو قۆڵیی خۆڕاگر لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامن. ئێمە هاوڕاین لەسەر 'ئاسایش و گەشەی هەمووان' لە ناوچەکەدا."
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رۆژی پێنجشەممە گەیشتە ریاز و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحانی هاوتا سعودیەکەی کۆبووەوە.
ساڵی 2016، دوای لە سێدارەدانی شێخ نەمر نەمر، پیاوی ئایینی شيعە لەلایەن ریازەوە، خۆپێشاندەرانی توڕە لە ئێران هێرشیان کردە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیە و ئیدی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە پچڕان.
دوو وڵاتەکە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵدا بە نێوەندگیریی چین لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێبکەنەوە و کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە و دەست بە کارکردن بە رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوانیان بکەن کە لە ساڵی 2001ـەوە واژۆکراون.
دواتر تاران عەلی رەزا عینایەتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران وەک باڵیۆزی نوێی خۆی لە ریاز دەستنیشانکرد، ئەوەش دوای دوو مانگ لە راگەیاندنی رێککەوتنەکەیان.
لە مانگی حوزەیرانیش، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بە سەردانێکی فەرمی چووە تاران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆبووەوە.