بەرپرسێکی حەماس: بە پلانی نوێی ئاگربەست لە غەززە رازی بووین

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان بە پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست لە غەززە رازی بووە، ئەمەش دوای هەوڵێکی دیپلۆماسیی نوێ دێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە زیاتر لە 22 مانگە بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە 18-08-2025 باسم نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس، لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسی: "بزووتنەوەکە وەڵامی خۆی پێشکێش کردووە و بە پێشنیازە نوێیەکەی نێوەندگیرەکان رازی بووە. لە خودا دەپاڕێینەوە ئاگری ئەم جەنگە لەسەر گەلەکەمان بکوژێنێتەوە."
 
هەوڵەکانی نێوەندگیران، میسر و قەتەر، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تائێستا بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەو ململانێیەدا کە بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک لە کەرتی غەززە، شکستیان هێناوە.
 
پێشتر سەرچاوەیەک لە حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە پێشنیازەکەی "بەبێ داواکردنی هیچ هەموارکردنەوەیەک" قبووڵ کردووە.
 
میسر رایگەیاند، پێشنیازە نوێیەکەیان بۆ ئیسرائیل ناردووە و گوتی "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە." ئیسرائیل هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی میدیای ئەل-قاهیرەی سەر بە میسر، رێککەوتنەکە پێشنیازی ئاگربەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی 60 رۆژ، ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و رێگەدان بە هاتنەژوورەوەی هاوکاری دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسی: "تەنیا کاتێک گەڕانەوەی بارمتەکان دەبینین کە شەڕی حەماس بکرێت و لەناوببرێت."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند: "ئیسرائیل بە رێککەوتنێک رازی دەبێت کە تێیدا هەموو بارمتەکان بە یەکجار و بەپێی مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئازاد بکرێن."
 
"برسیکردنی بە ئەنقەست"
 
هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، تووندوتیژییەکان بەردەوامن. ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لانیکەم 11 کەسیان لە سەرانسەری کەرتەکەدا کوشتووە.
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش ئیسرائیلی بە جێبەجێکردنی "سیاسەتێکی بە ئەنقەستی" برسیکردن لە غەززە تۆمەتبار کرد. ئیسرائیل بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
بەپێی ئامارەکان، هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 62,004 فەڵەستینی کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن.