فەڵەستین دەبێتە دەوڵەت؟ ئەنجوومەنی ئاسایش پلانی ئاشتیی ترەمپی بۆ غەززە پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ، رەشنووسێکی ئەمریکا و پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپی تایبەت بە داهاتووی غەززە پەسندکرد. پلانەکە بۆ کۆتاییهێنانە بە جەنگی غەززە و رێگەدان بە پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێرییکردنی دۆخی غەززە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی هەولێر، ئەنجوومەنی ئاسایش لە نیویۆرک کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپی پەسندکرد.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، وڵاتان دەتوانن بەشداری لە بۆردی ئاشتی بکەن کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، ئەو بۆردە یانیش دەستەیە، وەک دەسەڵاتێکی کاتیی سەرپەرشتی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخان و ئابووریی غەززە دەکات.
هەروەها بەگوێرەی بڕیارەکە، رێگە بە دامەزراندنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە دەردێت و یەکێکیش لە ئەرکەکانی ئەو هێزە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکە لە غەززە، لەگەڵ ئەوەش لەنێوبردنی کۆگەی چەک و ژێرخانی سەربازی لە کەرتەکە.
مانگی رابردوو، ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەسەر قۆناخی یەکەمی پلانی ترەمپ بۆ غەززە رێککەوتن، لەدوای دوو ساڵ لە جەنگ ئاگربەستیان راگەیاند و بارمتەکانیش ئازاد کران.
حەماس بڕیارەکە رەتدەکاتەوە
لەدوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە کە چەک دانانێت، رایگەیاند شەڕ لە دژی ئیسرائیل هەنگاوێکی رەوایە، ئەگەریش حەماس لەسەر بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بوو، مەترسی هەیە ئەو گرووپە فەڵەستینییە رووبەڕووی هێزە نێودەوڵەتییەکەش ببێتەوە.
لەبارەی بڕیارەکەوە، حەماس گوتی، "بڕیارەکە میکانیزمێکی چاودێری نێودەوڵەتی بەسەر کەرتی غەززەدا دەسەپێنێت، ئەمەش کارێکە گەلەکەمان و لایەنەکانیان رەتیانکردووەتەوە."
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکدا لەبەردەم نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، بڕیارەکە پلانی 20 خاڵەی ترەمپ وەک پاشکۆیەک لەخۆ دەگرێت، "رێگەیەکی گونجاو بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی فەڵەستینییەکان دەکێشێت و بەو رێگەیەش لقی زەیتوون، جێگەی رۆکێتەکان دەگرێتەوە، دەرفەتێک دەدرێت بۆ رێککەوتن لەسەر ئاسۆیەکی روونی سیاسی."
هەروەها نوێنەری ئەمریکا گوتیشی، "ئەو پلانە دەستی حەماس لاواز دەکات و دڵنیاییش دەدات بەوەی غەززە لە سێبەری تیرۆر رزگاری دەبێت و خۆشگوزەران و پارێزراو دەبێت."
"رووسیا و چین نیگەرانن"
رووسیا کە مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، پێشتر ئاماژەی بە ئەگەری دژایەتیکردنی بڕیارەکەی دابوو، بەڵام لەکاتی دەنگدانەکەدا بەشداری نەکرد و بەمەش رێگەی دا، پلانەکە پەسند بکرێت.
نوێنەرانی رووسیا و چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەنگیان بە پڕۆژەبڕیارەکە نەدا، رەخنەی ئەوەیان لە پلانەکە گرت بەوەی رۆڵێکی روون بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە داهاتووی غەززە نادات.
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای دەنگدانەکە بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاند، "کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززە دەدرێت بە بۆردی ئاشتی و هێزە نێودەوڵەتییەکە کە تائێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەری نییە."
"دەسەڵاتی فەڵەستینی ئامادەیە رۆڵی لە داهاتووی غەززە هەبێت"
دوای بڕیارەکە، دەسەڵاتی فەڵەستینیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، رایگەیاند، ئامادەیە بەشداری لە جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا بکات.
لە بەیاننامەیەکدا دەسەڵاتی فەڵەستینی بە سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی فەتح رایگەیاند، ئەوان ئامادەن بە هەموو شێوەیەک هاوکار بن "تاوەکو کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستینیمان لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵات بێت، رێڕەوی سیاسی لە ناوچەکە بەرەو ئاشتی ببات. هەروەها ئاسایش و سەقامگیری لەنێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکاندا، لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بێتەئاراوە."
"ئاشتیی زیاتر لە جیهاندا بەدیدێت"
پاش پەسندکردنی پلانەکەی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد و رایگەیاند، "بەهۆی ئەو پلانەوە ئاشتی زیاتر لە سەرانسەری جیهاندا بەدیدێت."
ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕەی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، نووسیوویەتی "دەنگدانەکە دانپێدانان و پەسندکردنی بۆردی ئاشتی کە من سەرۆکایەتی دەکەم، بە یەکێک لە گەورەترین بڕیارەکان لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دادەنرێت و دەبێتە هۆی ئاشتی زیاتر لە سەرانسەری جیهاندا."
رێگەی دەوڵەتبوونی فەڵەستین
پڕۆژەکەی ئەمریکا رێگە بە دروستکردنی "دەستەی ئاشتی" دەدات، کە دەستەیەکی حوکمڕانی کاتییە بۆ غەززە و ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات. دەستەکە تاوەکو کۆتایی 2027 لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.
پڕۆژەکە بە زمانێکی ئاڵۆز ئاماژە بە ئەگەری دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە داهاتوودا دەکات. ئەمە دوای ئەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین چاکسازییە داواکراوەکانی جێبەجێ کرد و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەستی پێکرد. لە پڕۆژەکەدا هاتووە، "لەوانەیە مەرجەکان لە کۆتاییدا ببنە هۆی رێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنەوسینی فەڵەستینیەکان و دەوڵەتبوون".
"ئیسرائیل دڵخۆش و نیگەرانە"
بڕیارەکە لە ئیسرائیل بووە مایەی مشتومڕی زۆر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاماژە بە ئەگەری دەوڵەتی فەڵەستین دەکات، بەڵام لە دوای دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، پلانی ئاشتی سەرۆکی ئەمریکا داوای چەکداماڵینی حەماس دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا دانۆن گوتی، "هەروەک چۆن سووربووین لەسەر گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان، هەمان سووربوونیشمان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی دەبێت حەماس چەک بکرێت. ناوەستین و کۆڵ نادەین لەوەی دڵنیا بین کە چی دیکە حەماس هەڕەشە نابێت بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."