کۆشکی سپی: هێزەکانی ئەمریکا بۆ جاری شەشەم هێرشیان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەڵێت، "هێزەکانی ئەمریکا سێ هێرشیان کردووەتە سەر چەند سەکۆیەکی تەقاندنی مووشەکیی حووسییەکان و ئامانجەکانیان پێکاوە".
رۆژی هەینی، 19-1-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، "فڕۆکە جەنگییەکانی هێزەکانی ئەمریکا سێ هێرشیان کردە سەر چەند سەکۆیەکی مووشەکهاوێژی حووسییەکان کە ئامادەکرابوون بۆ تەقاندن و ئامانجەکانیان پێکا".
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، فڕۆکەکان لە جۆری F/A-18 بوون و لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەرەوە فڕیون و هێرشەکەیان کردووە.
کێربی دەڵێت، هێرشەکان لە چوارچێوەی بەرگریلەخۆکردن بوون.
هاوکات میدیای حووسییەکان بڵاویکردەوە، "ئەمریکا و بەریتانیای دووژمنکار هێرشیان کردە سەر ناوچەی جەبانا لە شاری حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن".
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، حووسییەکان دوو مووشەکی بالیستییان ئاراستەی کەشتییەکی بارهەڵگریی ئەمریکا لە کەنداوی عەدەن کرد، بێ ئەوەی "هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە".
حووسییەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان بە چەند مووشەکێک کەشتییەکی ئەمریکیان کردووەتە ئامانج و راستەوخۆش ئامانجەکەیان پێکاوە.
رۆژی چوارشەممە 17-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حووسییەکانی یەمەن لە 30 رۆژی داهاتوودا دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەگەر هێرشەکانیان لە دەریای سوور رانەگرن. بەگوێرەی وەزارەتەکە، بڕیارەکە لە 16-2-2024 جێبەجێ دەکرێت و لە ئەگەری وەستاندنی هێرشەکانیان، ئەمریکا پێداچوونەوە بەو بڕیارە دەکات.
بزووتنەوەی حووسییەکان یان ئەنساروڵڵا لە ساڵی 1994 وەک گرووپێکی ئیسلامی دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و بارەگای سەرەکیی لە سەنعای پایتەختی یەمەنە، بە گرووپێکی نزیک لە ئێران دەبینرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 19ی تشرینی دووەمی 2023وە حووسییەکان 29 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانیییەکانی نێو دەریای سوور کە 12%ـی بازرگانیی جیهان بەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕێت.
حووسییەکان دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ تۆڵەکردنەوەیە لەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.