کۆشکی سپی: بایدن و نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیانکرد؛ بایدن پاڵپشتیی دەوڵەتی فەلەستین دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەڵێت، جۆ بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین نەتەنیاهووی راگەیاندووە, کە پاڵپشتیی لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات.
 
رۆژی هەینی، 19-1-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە واشنتن دی سی گوتی، "سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیکرد."
 
کێربی لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکەیان گوتی، "سەرۆک بایدن هێشتا باوەڕی بە ئەگەری چارەسەری دوو دەوڵەتی هەیە. ئەو دەزانێت کە ئاسان نابێت و کاری زۆری پێویست دەبێت."
 
پێشتر ئەمریکا چەند جارێک جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردووەتەوە. رۆژی 10-1-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە رامەڵڵا و لەوێ هەڵوێستی نەگۆڕی ئیدارەی بایدنی بۆ مەحموود عەباس "دووپاتکردەوە" بەوەی دەبێت "دەوڵەتێکی فەلەستینی لە تەنیشت دەوڵەتێکی ئیسرائیل هەبێت."
 
سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەی بلینکن و عەباس، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پێویستە هەردووکیان (ئیسرائیل و فەلەستین) پێکەوە بە ئاشتیانە و لە ئاسایشدا بژین."
 
لەلایەکی دیکەوە لە 24ـی تشرینی دووەمی 2023، کاتێک ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیێندرا، جۆ بایدن گوتی، "دووبارە کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەین. دوو گەل لە دوو وڵات بە ئاشتی لە تەنیشت یەکەوە بژین. موسڵمان، جوو، مەسیحی، ئیسرائیلی و فەلەستینی بەیەکەوە بژین."
 
جگە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاش پشتگیریی ئەم بیرۆکەیە دەکەن. رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە؛ یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بوو. 
 
ژۆن ئاسەلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ ئەوکات رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپی گرت کە " لە کاتی پێویستدا کاری پێویستی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل نەکردووە."
 
ئاسلبۆرن گوتی، "چارەسەری دوو دەوڵەت لەسەر مێزی گفتوگۆکان بوو. لە ئاناپۆلیس لە ساڵانی 2007 بۆ 2008 زۆر نزیکبووین یەکێک لە گەورەترین کێشەکان کە ئێمە کردمان وەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپی خۆمان بە چارەسەری دوو دەوڵەت سەرقاڵ نەکرد. ئێستا هەموو کەس دەڵێت، چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستی بە دامەزراندنی دوو دەوڵەتە، لەکاتێکدا لە 10 ساڵی رابردوو کار بۆ ئەم بابەتە نەکراوە. ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا نەمانتوانی بڵێین ئۆرشەلیم پایتەختی دوو دەوڵەتە."