سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئاگربەست ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "تاوەکو حەماس داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات، ئاگربەست ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
بڕیاربوو قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە ئەمڕۆ کاژێر 08:30ـی بەیانی بە کاتی غەززە (09:30ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی شەڕ بووەستێت و لە 42 رۆژدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازادبکرێن. 
 
بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس پابەند نەبووە بە رێککەوتنی ئاگربەست و لیستی ناوی ئەو سێ بارمتەیەی پێشكێش نەکردوون کە بڕیار بووە ئەمڕۆ ئازادبکرێن. 
 
هەر ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، دواکەوتنی پێشكێشکردنی لیستەکە، لەبەر "هۆکاری تەکنیکی و مەیدانی بووە."
 
پێش ئەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی پابەندی ئاگربەست نابن، ئەگەر لیستەکەیان پێ نەدرێت.