پێش دەستپێکردنی ئاگربەست ئیسرائیل هێرشی کردە سەر غەززە و 8 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەستی غەززە جێبەجێنەکرا. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە، لەبەرئەوەی بە گوتەی خۆی، حەماس پابەندی ئاگربەست نەبووە.
بەرگریی شارستانیی غەززەش دەڵێت، لە دوای دەستپێکردنی وادەی ئاگربەستەوە، لانیکەم 8 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دا کوژراون و زیاتر لە 25ـی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ژمارەیەک پێگەی تیرۆرستیمان لە باکوور و نێوەڕاستی غەززە بۆردوومانکرد."
بڕیاربوو قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە، ئەمڕۆ کاژێر 08:30ـی بەیانی بە کاتی غەززە (09:30ـی بەیانی بە کاتی هەولێر) بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی شەڕ بووەستێت و لە 42 رۆژدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازادبکرێن.
بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حەماس لیستی ناوی ئەو سێ بارمتەیەی پێشكێش نەکردوون، کە بڕیار بووە ئەمڕۆ ئازادبکرێن.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی "تاوەکو ئەم بەیانییە، حەماس ئەرکی خۆی جێبەجێنەکردووە. پێچەوانەی رێککەوتنەکە، ناوی ئەو بارمتانەی بڕیارە بگەڕێنرێنەوە، نەدراونەتە ئیسرائیل. بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، تاوەکو حەماس پابەند نەبێت، ئاگربەست جێبەجێناکرێت. سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی، تەنانەت لەم کاتەشدا، لەنێو کەرتی غەززە، تاوەکو ئەو کاتەی حەماس بە تەواوی بە رێککەوتنەکەوە پابەند دەبێت."
هەر ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، دواکەوتنی پێشكێشکردنی لیستەکە لەبەر "هۆکاری تەکنیکی و مەیدانی بووە."
بەرپرسێکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پێشكێشكردنی لیستی ناوی ئەو سێ ژنە بارمتەیەی بڕیارە ئەمڕۆ ئازادبکرێن، "لە ئانوساتدایە."
پێش ئەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە پابەندی ئاگربەست نابن، ئەگەر لیستەکەیان پێ نەدرێت.