نەتەنیاهوو هۆشداری دەداتە ئێران: وەڵامێکی واتان دەدەینەوە لە خەیاڵتاندا نەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەکی سەربازی ئامادەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئێران هێرش بکات، وەڵامێکی وایان دەدەنەوە "کە تەنانەت لە خەیاڵیشیاندا نەبووبێت."
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوبات بڵاویکردەوە کە بینیامین نەتەنیاهوو لە ناوچەی "میتسپێ رامۆن"ـی بیابانی نێگەڤ گوتارێکی پێشکێش کردووە و تێیدا تیشکی خستووەتە سەر ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران.
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ خەریکی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆن بۆ چارەسەری کێشەی ئەتۆمی، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بە گومانەوە سەیری جووڵەکانی تاران دەکات.
نەتەنیاهوو گوتی: "لایەنە تووندڕۆکان رەتیدەکەنەوە کۆڵ بدەن و خەریکی رێکخستنەوەی هێزەکانیانن تاوەکو جارێکی دیکە شان لە شانی ئێمە بدەن. ئێمە بە وریاییەوە بەرگری لە خۆمان دەکەین و بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانە گەورەکەمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کار دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، مەرج و پرەنسیپەکانی ئیسرائیلی بۆ هەر دانوستاندنێک لەگەڵ ئێران بۆ ترهمپ روونکردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەیدا، نەتەنیاهوو رووی دەمی کردە سەرکردایەتیی ئێران: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەین و یەک شت دڵنیاییە؛ ئەگەر ئایەتوڵڵاکان هەڵە بکەن و هێرشمان بکەنە سەر، وەڵامێکی وایان دەدەینەوە کە تەنانەت خەیاڵیشیان بۆی ناچێت."
ئیسرائیل پێیوایە تاران دیپلۆماسی وەک پەردەیەک بۆ بەردەوامیدان بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی بەکاردەهێنێت.
لە هەمان کاتدا، ئەم بارگرژییە نوێیەی نێوان هەردوولا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێزێکی زۆری دەریایی و ئاسمانیی رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە. واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی بەناوی "جیراڵد فۆرد" رەوانەی ناوچەکە کردووە تاوەکو پەیوەندی بە کەشتیی "ئەبراهام لینکڵن"ـەوە بکات.
تەلئەڤیڤ دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران دەکرێت، دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا بێت.
پەیوەندییەکانی تاران و تەلئەڤیڤ لە دوای جەنگە 12 رۆژەکەی حوزەیرانی 2025 گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمریکا گورزی لە چەندین بنکەی ئەتۆمی و سەربازییتاران وەشاند.